Accessibility links

حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئەمەریکا زیاد دەکەن


وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕۆژێکی تری بەرزترین ئاستی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کرد و لەم ڕۆژەدا ژمارەیەکی بێپێشینەی خەڵکیش بەهۆی ڤایرۆسەکە لە نەخۆشخانە مانەوە.

ئامارەکانی پرۆژەی بەدواداچوونی کۆڤید ئەوە نیشان دەدات زیاتر لە 150 هەزار حاڵەتی نوێ لە سەرانسەری ئەمەریکا تۆمار کراوە ئەمەش تۆماری ڕۆژی پێشوتری شکاند کە 144 هەزار حاڵەتی نوێ بوو.

ئەو ئامارانە ئاماژە بەوەش دەکەن زیاتر لە 67 هەزار کەس بەهۆی کۆڤید-19 لە نەخۆشخانە ماونەتەوە ئەمەش بەراورد لەگەڵ ڕۆژی پێشوتر 1،700 کەس زیادی کردووە، لە هەمانکاتیشدا 1،104 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکە لەو ماوەیەدا گیانیان لەدەستداوە.

بەم ئامارە نوێیەش کۆی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگاتە زیاتر لە 10 ملیۆن و 500 حاڵەت لەو کاتەوەی لە سەرەتای ئەم ساڵدا ئەم پەتایە بڵاوبۆوە. بە پێی نێوەندی سەرچاوەکانی کۆرۆنا لە زانکۆی جۆنس هۆپکنس هەتا ئێستا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە زیاتر لە 242 هەزارو 400 کەس لە ئەمەریکا گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG