Accessibility links

زریانی ڤامکۆ چەند بەشێکی پایتەختی فلیپین ژێرئاو دەخات


چەند بەشێکی فلیپین لە نزیک شاری مانێلای پایتەخت، دەوروبەری گیراوە بەهۆی ئەو لافاوەی کە لە ئەنجامی زریانی تایفونی ڤامکۆ هەستاوە.

دەستەو تاقمەکانی فریاکەوتن لە دوورگەی سەرەکی لوزۆن بڵاوبویەوە بۆ ڕزگارکردنی هەزاران دانیشتوی ناوچەکە کە لە ماڵەکانیاندا گیریان خواردووە، بەشێکی زۆریان ناچاربوون پەنا بۆ سەربانی ماڵە ژێرئاوکەوتۆکانیان ببەن. بەپێی ڕاپۆرتان لە یەک پارێزگای کەناردەریادا بە لانیکەم سێ کەس بێ سەروشوێنن.

کەشناسان دەڵێن ڤامکۆ بایەکی بەهێزی بەردەوامی لەگەڵە کە بە خێرایی 130 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە دورگەی لوزۆندا تێپەڕبوو بەرەو دەریای باشوری چین.

ئەم زریانە چەند ڕۆژێک پاش زریانی تایفونی گەورەی گۆنی بوو کە کۆمەڵە دوورگەکانی پاسفیکی وێران کرد، دەیان هەزار ماڵی ڕووخاند و بوو بەهۆی ئاوارەبوونی 370 هەزار کەس کەس لە ماڵەکانی خۆیان پاش ئەوەی بە بایەکی 225 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لە لوزۆنی دا، ئەمەش بوو بە بەهێزترین زریانی تایفونی ئەم ساڵ لە فلیپین.

هاوکات فلیپین بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش لە وڵاتەکەدا کێشەیەکی زۆری هەیە لە کاتێکدا زیاتر لە 400 هەزار کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و زیاتر لە 7 هەزارو 710 کەس گیانیان لەدەستداوە.

XS
SM
MD
LG