Accessibility links

ئەردۆغان پیرۆزبایی لە بایدن دەکات


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن کرد و جەختی لەوە کردەوە لە نزیکەوە کار دەکات لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە نوێیەکەدا.

ئەردۆغان گوتی "لەو بڕوایەدام کە هاوکاری و هاوپەیمانێتی بەهێزی نێوان وڵاتەکانمان بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی ئاشتی جیهان لە داهاتوودا هەروەک چۆن هەتا ئەمڕۆ ڕوویداوە. دووپاتیشی دەکەمەوە لە ماوەی داهاتوودا هەر بەو ئاراستەیەدا لە نزیکەوە کار لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکادا بکەین. پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنتان لێدەکەم و لە دڵەوە هیواخوازم بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا."

تورکیا یەكێک بوو لە چەند وڵاتێکی کەم، لە ناویاندا ڕوسیاش، کە هیچ لێدوانێکیان لەسەر ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی بایدن بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ڕۆژی شەممە، نەدابوو.

ڕۆژی دووشەممە وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، ڕایگەیاند "تورکیا پاش ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی تەواوەتی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەوجا پیرۆزبایی لە براوەی هەڵبژاردن دەکات."

هەروەها بە جوداش سەرۆکی تورکیا پەیامێکی بۆ دانۆڵد ترامپیش ناردووەو تیایدا سوپاسی کردووە بۆ " ڕاستگۆیی و تێڕوانینە بڕیاردەرەکانی" و بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تورکیا لە میانەی چوارساڵی سەرۆکایەتیدا.

سەرەڕای پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان هەردوو وڵاتی هاوپەیمان لەسەر بابەتەکانی سوریا و بڕیاری تورکیا بۆ کڕینی سیستمی دژە موشەکی S-400 ی ڕوسیایی بەلام ترامپ و ئەردۆغان پەیوەندییەکی باشی شەخسییان دامەزراند.

XS
SM
MD
LG