Accessibility links

گوتاری جۆو بایدن و کامڵا هێرس


شەوی شەممە پاش ئەوەی کە ڕاگەیەندرا کە براوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیە، جێگری سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا جۆو بایدن وتاری سەرکەوتنی لە شاری ویلمنگتۆنی ویلایەتی دێلوێرەوە پێشکەش کرد.

لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند "خەڵکی ئەم وڵاتە قسەی هەبوو ، ئەوان سەرکەوتنێکی ڕوونیان بە ئێمە بەخشی، سەرکەوتنێکی جێگای باوەڕ سەرکەوتنێک بۆ ئێمەی خەڵکی. ئێمە زۆرترین دەنگمان لە مێژووی ئەم وڵاتەدا بەدەستهێنا 74 ملیۆن دەنگ."

بایدن لە گوتارەکەیدا لەبەردەم ژمارەیەک لە پشتیوانانی گوتیشی " بەو بڕواو متمانەیەی کە ئێوە بەمنتان بەخشیوە لە خۆبایی نابم، بەڵێن دەدەم ببم بە سەرۆکێک کە هەوڵ نەدات دابەشبوون دروست بکات بەڵکو یەکگرتووی پێکبهێنێت، کە ویلایەتی شین و سور نەبینێت تەنها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ببینێت."

گوتیشی لە ماوەی کارکردنیدا " بڕبڕەی پشیئەم وڵاتە بونیاتدەنێمەوە، چینی مامناوەند."گوتیشی هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی " جارێکی تر ئەمەریکا لە ئاستی جیهاندا ڕێزی لێبگیرێتەوە."

جۆو بایدن جێگری سەرۆکی پێشوو کە نزیکەی نیو سەدەیە ڕۆڵی هەیە لە سیاسەتی ئەمەریکادا، سوپاس جیلی هاوسەری و ئەندامانی تری خێزانەکەی کرد و هەروەها ستایشی جێگرەکەی کامڵا هێرسیشی کرد و گوتی هەڵبژاردنی ساتەوەختێکی مێژووییە " ئەو مێژوو تۆماردەکات وەکو یەکەم ژن یەکەم ژنی ڕەشپێست یەکەم ژنی باشوری ئاسیا. یەکەم کچی کۆچبەرە کە هەڵبژێردرابێت. پێم مەڵێن ئەمە مەحاڵە لە ئەمەریکا".

لە میانەی وتارەکەیدا بایدن ڕووی دەمی کردە ئەوانەش کە دەنگیان بە سەرۆک ترامپ داوەو گوتی " من لە بێئومێدییەکان تێدەگەم، بۆخۆشم چەند جارێک سەرکەوتنم بەدەستنەهێناوە، بەڵام ئێستا با ئێمە دەرفەتێک بە یەکتربدەین، کاتی ئەوە هاتووە ڕق و کینە وەلاوەنێین، دانبەخۆماندا بگرین، جارێکی تر یەکتر ببینین و جارێکی تر گوێ بۆیەک بگرین و پێشوەچوون ئەنجام بدەین. پێویستە ئێمە چیتر بەرهەڵستەکانمان وەکو دوژمن سەیر نەکەین. ئەوان دوژمنی ئێمە نین ئەوان ئەمەریکاین."

جۆو بایدن گوتیشی " ئێستا کە ئەم هەڵمەتە کۆتایی هاتووە ئایا خواستی خەڵکی چییە، ئەرکەکانمان چین. پێم وابێت ئەوەیە کە ئەمەریکاییەکان داوامان لێ دەکەن هێزی ڕێزگرتن دامەزرێنین. لە هێزی ڕەوایەتییەوە بۆ هێزی زانست، و هێزی هیوا و شەڕە گەورەکانی کاتی ئێمە. شەڕی کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، شەڕی دامەزراندنی خۆشگوزەرانی شەڕی مسۆگەرکردنی خزمەتگوزاری خێزەنەکانتان، شەڕی گەیشتن بە دادپەروەری ڕەگەزی و ڕیشەکێشکردنی ڕەگەزپەرستی بەبەرنامە لەم وڵاتەدا."

هەروەها گوتیشی کارەکەمان بە کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستپێدەکات.

بەر لە جۆو بایدن کامڵا هێرس جێگری بایدن وتارێکی پێشکەش کرد و وتارەکەی بە ڕستەیەکی جۆن لویس، یەکێک لە ڕێبەرانی مافی سڤیلی ئەمەریکا و ئەندامی لەمێژینەی کۆنگرێس، دەستپێکرد و گوتی " ئەندامی کۆنگرێس جۆن لویس بەر لەوەی کۆچی دوایی بکات نوسیبوی دیموکراسی دەوڵەتێک نییە بەڵکو کردارێکە. مەبەستی ئەوە بوو دیموکراسیەتی ئەمەریکا مسۆگەر نییە. تەنها بە ئەندازەی خواستەکانمان بۆ کارکردن لە پێناوی بەهێزە." گوتیشی " پاراستنی دیموکراسی خەباتی دەوێت قوربانی دەوێت، بەڵام چێژی تێدایە. پێشکەوتنە چونکە ئێمەی خەڵکی هێزی ئەوەمان هەیە داهاتوویەکی باشتر بونیاتبنێین."

سینتۆر کامڵا هێرس بە پشتیوانانی ڕاگەیاند " دەزانم کاتێکی سەختتان هەبوو، بەتایبەتی لەماوەی چەند مانگی ڕابوردوودا، خەم، خەمی لە دەستدانی خۆشەویستان و نیگەرانییەکان و زەحمەتییەکان. بەڵام ئێمە ورە بەرزی و دانبەخۆداگرتنەکانیشمان بینی، و هەروەها ڕۆحی بەخشندەیتان. بۆ ماوەی چوارسال ئێوە داوای یەکسانی دادپەروەریتان بۆ ژیانی ئێمە و هەسارەکەمان کرد. و پاشان دەنگتان دا. پەیامێکی ڕوونتان گەیاند ئێوە هیواو یەکگرتوویتان هەڵبژارد. ڕێزگرتن، زانست و بەڵێ ڕاستیتان هەڵبژارد "

خاتو هێرس باسی لە دایکی کرد کە چۆن لە تەمەنی 19 ساڵیدا لە هندستانەوە هاتۆتە ئەم وڵاتەو چ هیوایەکی هەبووە " ڕەنگە ئەو بە تەواوەتی بیری لە ساتەوەختێکی وەها نەکردبێتەوە، بەڵام لە ناخەوە بڕوای بە ئەمەریکایەک هەبووە کە ساتەوەختێکی لەم جۆرە تیایدا شیانی هەیە. جا من بیر لەو و نەوەیەکی ژنان دەکەمەوە ژنانی ڕەش پێست، ئاسیایی، سپی پێست، ئیسپانی، ژنانی ئەمەریکایی ڕەسەن کە لە مێژووی وڵاتەکەماندا ڕێگایان بۆ ئەم ساتەوەختە خۆش کردووە. ئەو ژنانەی کە خەباتیان کردوە و قوربانییەکی زۆریان داوە بۆ یەکسانی و ئازادی و ڕەوایەتی بۆ هەموان." ئەو هەروەها خۆی بە بەرهەمی خەباتی ئەو ژنانە لە قەڵەمدا.

ئەو گوتی " لە کاتێکدا ڕەنگە من یەکەم ژن بم لەم پۆستەدا، بەڵام دووا ژن نابم. چونکە هەمو ئەو کچە منداڵانەی ئەمشەو تەماشا دەکەن دەبینن ئەمە وڵاتێکە کە شیانی هەمو شت هەیە تیایدا."

کامڵا هێرس بە ئەمەریکاییەکانی ڕاگەیاند " گرنگ نییە دەنگت بەکێ دابێت من هەوڵ دەدەم ببم بە جێگری سەرۆکێکی وەکو جۆو بۆ ئۆباما، بەوەفا، ڕاستگۆ و ئامادە بۆ کارکردن هەمو ڕۆژێک. بیر لە ئیوەو خێزانەکانتان بکەمەوە چونکە لە ئێستاوە کاری ڕاستەقینە دەستپێدەکات، کاری پێویست، کاری باش. کاری گرنگ بۆ پاراستنی ژیان و زاڵبوون بەسەر ئەم پەتایەدا بۆ بوژانەوەی ئابوریمان.

شایانی باسە هێشتا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن فەرمی نین و دەشێت ڕووبەڕووی ئاستەنگی دادگا ببێتەوە بەڵام چاوەڕوان دەکرێت وەکو خۆی بمێنێتەوە.

XS
SM
MD
LG