Accessibility links

هەڵمەتەکانی ترامپ و بایدن لەو ویلایەتانەی دەنگەکانیان لەیەکەوە نزیکن


کەمتر لە هەفتەیەک ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، سەرۆک دانۆڵد ترامپی کۆماری و بەرهەڵستە دیموکراتەکەی جێگری سەرۆکی پێشوو جۆو بایدن، ڕۆژی سێشەممە جارێکی بەرەو ئەو ویلایەتانە ڕۆشتنەوە کە بە شوێنی ڕووبەڕووبوونەوە دادەنرێن لە هەوڵەکانیاندا بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی زیاتر بۆ بردنەوەی خولی سەرۆکایەتی چوارساڵی.

هەرچەندە زیاتر سەردانی ویلایەتێک بکەن ئەوەندە گرنگی ئەو ویلایەتە لە یەکلاکردنەوەی دەنگەکاندا نیشان دەدرێت لە کاتێکدا بایدن بە لەسەدا 7 بۆ 9 لە ڕاوەرگرتنە گشتییەکانی وڵاتدا لەپێشە و نزیکەی نیوەی ئەو ژمارەیەش لەو ویلایەتانەدا کە بە شوێنی یەکلاکردنەوەی ئەنجامەکان دادەنرێن.

ڕۆژی سێشەممە ترامپ لە هەوڵێکی بەرگریدا بەرەو سێ ویلایەتی ناوەڕاستی ڕۆژئاوای ئەمەریکا چوو کە لە ساڵی 2016 لەو ویلایەتانەدا سەرکەوتنی بەسەر هیلاری کڵنتندا بەدەستهێنابوو. ئەوانەش ویلایەتەکانی مشیگەن ویسکانسن و نێبراسکا ڕەنگە بۆ بردنەوەی ئەمساڵیش پێویستی بە مسۆگەرکردنی دەنگی ئەم ویلایەتانە هەبێت.

بەڵام ڕاوەرگرتنە گشتییەکان نیشان دەدەن لە مشیگەن و ویسکانسن لە پاشە لە کاتێکدا لە سەرانسەری نێبراسکا لە پێشە.

لە هەمانکاتدا بایدن وەکو هێرشبەرێک بۆ سەر سیاسەتەکانی ترامپ، چووە دوو شوێنی جیاوازی ویلایەتی جۆرجیای باشوری وڵات، کە لە ساڵی 1992 وە دەنگی بە دیموکراتەکان نەداوە. ڕاوەرگرتنە گشتییەکان نیشان دەدەن بایدن و ترامپ ئەم جارە دەنگیان زۆر لە یەک نزیکە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ئەو ویلایەتەی کە خاوەن 16 نوێنەری هەڵبژاردنە.

بە شێوەیەکی گشتی دەنگی هەمو نوێنەرەکانی هەڵبژاردنی هەر ویلایەتێک بۆ ئەو کاندیدە دەڕوات کە دەنگی گشتی ویلایەتەکە دەباتەوە. هەردوو ترامپ و بایدن هەوڵ دەدەن سەرکەوتنەکانیان لە ویلایەتەکاندا کۆبکەنەوە بۆ گەیشتن بە 270 دەنگی نوێنەرانی هەڵبژاردنی 538 ئەندامی کە ژمارەی هەر ویلایەتێک بە پێی ڕێژەی دانیشتوانی ویلایەتەکەیە.

چوار ساڵ لەمەوبەر ترامپ دەنگی زۆرینەی خەڵکی لە سەرانسەری وڵات بەدەستنەهێنا، و لەوانەیە ئەم ساڵیش وابێت هەرچەندە دەرفەتی بۆ بردنەوەی خولی دووهەمی سەرۆکایەتی بە دەنگی نوێنەرانی هەڵبژاردن هەیە ئەگەر بتوانێت لەو ویلایەتانەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنیت کە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەن و لەم چند ڕۆژەی دوایی هەڵمەتەکانیدا سەرنجی خستونەتە سەر.

چوار ساڵ لەمەوبەر ترامپ بە جیاوازییەکی کەم توانی لە سێ ویلایەتی باکوری وڵات سەرکەوتن بەدەستبهێنێت ئەوانەش پێنسلڤانیا، مشیگەن و ویسکانسن کە پێشتر زۆربەی جار دەنگیان بە دیموکراتەکان دابوو. ئەم جارە تراپ پێویستی بەلایەنی کەم بە دەنگەکانی پێنسلڤانیا هەیە کە خاوەنی 20 نوێنەرە لەگەڵ ویلایەتە گرنگەکانی تری کە لە ساڵی 2016 سەرکەوتنی تیایدا بەدەستهێنابوو تا بتوانێت خولێکی تری چوار ساڵی مسۆگەر بکاتەوە.


ڕاوەرگرتنەکان وای دەردەخەن بایدن چەند ڕێگایەکی هەیە بۆ گەیشتن بە 270 دەنگی نوێنەران، لە ناویاندا بردنەوە لە پێنسلڤانیا، مشیگەن و ویسکانسن و هەروەها هەمو ئەو ویلایەتانەی تری کە هیلاری کلنتۆن لە ساڵی 2016 تیایاندا سەرکەوتنی بەدەستهینا. ڕاوەرگرتنە گشتییەکان لە ئێستادا نیشان دەدەن بایدن لە هەمو ئەو ویلایەتانەی کە هیلاری کلنتن تیایدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە پێشە.

بایدن لە کۆتایی هەفتەکەدا سەردانی ویلایەتێکی تریشی کرد کە هەڵبژاردنی ڕابوردوو ترامپ تیایدا سەرکەوت ئەویش ویلایەتی ئایۆوا لە ناوەڕاستی ڕۆژئاوای ئەمەریکا. سیناتۆری کالیفۆرنیا کامڵا هێرسی جێگری بایدن سەردانی ئەریزۆنا و تێکساس دەکات. تێکساسیش یەكێکە لەو ویلایەتانەی دەنگی نوێنەرانی زۆرە و 38 نوێنەری هەیە و ترامپ لەوێ بە ڕێژەیەکی کەم لەپێشە.

لە کۆتایی ئەم هەفتەیەشدا بایدن سەردانی ویسکانسن مشیگەن دەکات و هەورها ویلایەتی فلۆریدا کە تراپ بە ویلایەتی خۆی دایدەنێت و ماڵی لەوێ هەیە.

ڕۆژی سێشەممە پاش ئەوەی داوەری نوێی دادگای باڵا ئێمی کۆنی بێریت شەوی دووشەممە لە کۆشکی سپی سوێندی یاسایی خوارد، ترامپ بەرەو کۆبەنەوەیەکی جەماوەری لە شاری لانسینگی پایتەختی مشیگەن چوو و هەروەها سەردانێکی کورتی بۆ شاری وێست ساڵم لە ویسکانسن بەرلەوەی بڕوان بۆ شاری ئۆماها گەورەترین شاری نێبراسکا.

لە کۆبونەوەیەکی جەماوەری گەورەی کە لە دەرەوە ڕێکخرابوو، ترامپ باسی لەوە کرد چۆن سەرکەوتوانە هاوکاری کردووە بۆ بەرەوپێشبردنی ئابوری ئەمەریکا بەرلەوەی ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی پێبگات و سوریش بوو لەسەر ئەوەی دەتوانێت جارێکی تر ئابوری بونیاتبنێتەوە.

لەم هەفتەیەدا چەند جارێک ترامپ گوتویەتی میدیای هەواڵەکانی وڵات بەردەوامن لە ڕاپۆرتی چڕوپڕ لەسەر وێرانکارییەکانی ئەو پەتایە لە ئەمەریکا، کە بە گوێرەی ئامارەکانی زانکۆی جۆنس هۆپکنس زیاتر لە 225 هەزار کەس لە ئەمەریکا بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 8 ملیۆن و 7 سەد هەزار کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون.

لە تویتیکیدا ڕایگەیاند " میدیا هەواڵییە ساختەکان هەر دەیانەوێت باسی کۆڤید، کۆڤید، کۆڤید بکەن. لە 4 ی مانگی 11 دا ئیتر ئەوەندە گوێت لێی نابێت. بەڵام ئێمە دەگەین بە ئامانجمان."


بەڵام بایدن بە بەردەوامی رەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردنی ترامپ لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە گرتووەو دەڵێت ئێستا ئەو ئەم ساتەوەختە " ڕێبەرایەتی سەرۆکایەتی دەوێت و کاتێک ئێمە پێویستمان بوو سەرۆک ترامپ پەشۆکا. ئەو هیچی نەکرد، و ئەمڕۆ 8 مانگ پاش ئەو قەیرانە هێشتا هیچ بەرنامەیەکی نییە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە، هیچ خواستێکی نییە بۆ گوێ گرتن لە زانایان، و هیچ توانایەکی نییە بۆ ڕێبەرایەتی کردنی وڵاتەکەمان لەم کاتەدا."

هەتا ئێستا زیاتر لە 66 ملیۆن ئەمەریکایی دەنگی خۆیان پێشوەخت داوە دوو لەسەر سێی ئەوانە دەنگیان بە ڕێگای پۆستە داوە و بەشێکیش پێشوەخت چوونەتە بنکەکانی دەنگدان. بەشێکی زۆری دەنگدەران دەڵێن هەوڵ دەدەن نەچنە شوێنی قەرەباڵغی لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژی دەنگدان بنکەکانی دەنگدان قەرەباڵغ بن.

XS
SM
MD
LG