Accessibility links

دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیارێک لەسەر دەنگدان بە ڕێگای پۆستە لە ویلایەتی ویسکانسن دەدات


دادگای باڵای ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە بەڕیاری دا دەنگدەرانی ویلایەتی ویسکانسن پێویستە هەتا کاتی داخستنی بنکەکانی دەنگدان لە 3 ی مانگی 11 دەنگەکانیان بگات بە دەستی کاربەدەستانی هەڵبژاردن تا بتوانرێت دەنگەکانیان بژمێردرێن.

لەم بڕیارەدا دادگا پشتی کۆمارییەکانی گرت کە دژی بڕیارێکی پێشتری دادگایەکی نزمتر وەستانەوە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی وەرگرتنی دەنگەکان هەتا 9 ی مانگی 11 بە مەرجێت مۆری پۆستکردنەکەی لە دوای 3 ی مانگەوە نەبووبێت.

کاتی دیاری کراوی دەنگدان بە پێی ویلایەتەکان جیاوازی هەیە، لە دەمێکدا کە پرسی یاسایی لەسەر ئەمانە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابوردوو سەری هەڵدا، دادگاکان زۆربەی جار پشتیوانی ئەو ڕێسایانەیان کردووە کە لەلایەن یاسادانەرانی ویلایەتەکەوە یان کاربەدەستانی هەڵبژاردنەوە دانراون.

دادوەر نیل گرۆسچ نوسراوێکی بیروڕایدا دەڵێت " کەس گومانی لەوەدا نییە کە هەڵبژاردنی وڵات لە دەمی ئەم پەتایەدا ئاستەنگێکی زۆری هەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ڕێگە بدرێت ڕەنگە دادوەرە تاکەکان ڕێساکانی خۆیان لە بری ئەو ڕێسایانە دابنێن کە نوێنەرانی خەڵکی پەسەندیان کردووە."

لە چەندین دۆسێدا کۆمارییەکان مشتومڕی ئەوەیان کردووە کاتی زۆر بەدەستەوەیە تا دەنگدەران هەتا 3 ی 11 دەنگی خۆیان بگەیەنن، لە کاتێکدا دیموکراتەکان دەڵێن درێژکردنەوەی کاتەکە پێویستە چونکە ژمارەیەکی مێژووی خەڵکی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دەنگی خۆیان بە ڕێگای پۆستە دەنێرن بۆ ئەوەی ڕۆژی هەڵبژاردن لە بنکەی دەنگدان قەرەباڵغی دروست نەبێت.

دادوەر ئلێنا کاگن یەکێک لە سێ لیبراڵەکەی دادگای باڵا لە بڕیارەدا کە بە دەنگی 3 بەرامبەر بە5 دراوە، نوسیویەتی بڕیارەکە " ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەرە بەرپرسیارەکان بەهۆی مەترسییەکانی پەتاکە بێبەش دەکات."

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ویسکانسن ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند 1 ملیۆن و 7 سەد هەزار کەس داوایان کردووە دەنگ بە ڕێگای پۆسەت بدەن و زیاتر لە 1 ملیۆن و 300 هەزار کەس دەنگی خۆیان پێشوەختداوە یان بەر ڕێگای پۆستە داوە.

لە سەرانسەری وڵاتدا 64 ملیۆن کەس دەنگی خۆیان پێشوەخت لە بنکەی دەنگدان یان بە ڕێگای پۆستە داوە.

لە ئێستادا نزیکەی 20 لە 50 ویلایەتی ئەمەریکا ئەو دەنگانە دەژمێرن کە لە پاش ڕۆژی هەڵبژاردنیش بگات بە مەرجێک مۆری پۆستەکەی لە پاش سێی 11 نەبێت

XS
SM
MD
LG