Accessibility links

شەش ویلایەتی ئەمەریکا و یەکلاکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن


لە کاتێکدا هەتادێت هەڵبژاردنەکانی 3 ی مانگی 11 نزیکتر دەبنەوە، سەرۆک دانۆڵد ترامپی کۆماری و بەرهەڵستە دیموکراتەکەی جۆو بایدن هەڵمەتەکانیان لەو ویلایەتانەدا توندتر دەکەن کە "گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەن" یان " دەشێ کاندیدی هەریەک لە پارتەکان تیادا بیبەنەوە."

ئەو ویلایەتانە گرنگن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، کە دەنگی زۆرینەی گشتی بڕیار لەسەر براوە نادات. لە بری ئەوە هەر ویلایەتەو ژمارەیەک نوێنەری هەیە کە دەنگ بۆ یەکێک لە کاندیداکان دەدەن ئەوەش دەکەوێتە سەر ئەوەی کامیان دەنگی زۆرینە لە سەر ئاستی ویلایەتەکە بەدەستدەهێنێت. لە هەمو ویلایەتەکان، بێجگە لە مەین و نێبراسکا، ئەو کاندیدەی زۆرترین دەنگی خەڵکی بەدەستبهێنێت لە سەر ئاستی ویلایەتەکەیدا هەمو دەنگی نوێنەرەکانی ویلایەتەکە بەدەست دەهێنێت.

ئەم سیستمەی دەنگی نوێنەران کە " براوە هەموی دەبات" وا دەکات کاندیداکان هەڵمەتێکی توندتر لەو ویلایەتانەدا بکەن کە سەرکەوتن تیایاندا لە نزیکتریان دەکاتەوە بۆ کۆشکی سپی.

ئەو ویلایەتانەی کە دەنگەکان زۆر لە یەک نزیکن دەشێ ئەنجامەکان هەر جارەو لەبەرژەوەندی پارتێک بێت، وەکو ویلایەتی پێنسلڤانیا، کە کاندیداکان سەرنجێکی زیاتری دەخەنە سەر بەبەراورد لەگەڵ ویلایەتەکانی تری وەکو کالیفۆرنیا کە نزیکەی زۆربەی جار زۆرینەی دەنگەکانی بۆ پارتێکی دیاریکراو بووە.

گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەی 2020

نزیکەی 12 ویلایەت بە شێوەیەکی گشتی بەوە دادەنرێن کە هەمیشە دەنگیان بۆ یەک پارتی دیاریکراو نەبووە و پێشبڕکێکە تیایدا سەختە. شەش لەوانە بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 بە خەڵاتی باڵا دادەنرێن چونکە بەهۆی زۆری دانیشتوانیانەوە دەنگی نوێنەری زۆرتریان هەیە. ئەوانەش بریتین لە ئەریزۆنا، فلۆریدا، میشیگەن، کارۆلاینای باکور، پێنسلڤانیا و ویسکانسن.

ترامپ لە ساڵی 2016 بە جیاوازییەکی زۆر کەم لە هەر ئەو شەش ویلایەتەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام ڕاوەرگرتنە گشتییەکان لە ئێستادا ئاماژە بەوەدەکەن بە ئەندازەیەکی کەم لە هەر شەشیاندا بایدن لە پێشە.

دەنگەکان زۆر لە یەک نزیکن

سەرکەوتنی ترامپ لە ساڵی 2016 لەو شەش ویلایەتەدا بەهەمان شێوازی سەرکەوتنی بوو لە باقی وڵاتدا، پێشکەوتنی دیموکراتەکان لە نێوەندەکانی شاردا هاوتا بوو لەگەڵ زۆربوونی دەنگی کۆمارییەکان لە ناوچەکانی دەرەوەی شار و لادێکان و هەروەها لە ناو ئەو سپی پێستانەی زانکۆیان نەخوێندووە.

سەرەڕای ئەوەی کە ئاراستەکان نیشان دەدەن ڕەنگە بایدن بتوانێت هەندێک لەو دێموگرافیایانە لە ساڵی 2020 دا بگۆڕێت، بەڵام هەڵمەتەکانی بایدن هۆشداریان داوە بە پشتیوانانی کە پشتی پێنەبەستن.

جێن ئۆماڵی دیلۆن بەڕێوەبەری کەمپینی بایدن ڕۆژی شەممە لە یاداشتێکدا بۆ لایەنگرانی نووسیویەتی " ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەم پێشبڕکێیە زۆر لەوە نزیکترە کە هەندێک لە شارەزایان لەسەر تویتەر وتەلەفزیۆنەوە دەیبینن". ئەو گوتوشیەتی " لەو ویلایەتانی کە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەن و بڕیار لەسەر ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە دەدەن، لەگەڵ دانۆڵد ترامپ وەکو یەکین."

ئەوەی لەو ویلایەتانەدا روودەدەن کە هەردوو کەمپەینەکان پێیان گرنگە بۆ سەرکەوتنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020.

ویسکانسن

ویسکانسن، شوێنی زۆرێک لە کۆمەڵگەی ئەو سپی پێستانەی کە لە دەرەوەی شار دەژین و چینی کارکەرن و بەشێکی زۆرن لە زیادکردنی پشتیوانی ترامپ، بە جیاوازییەکی ئاستەم لە ساڵی 2016 ترامپ تیایدا سەرکەوت.

ویسکانسن یەکێکە لەو ویلایەتانەی کە پەتای کۆرۆنا بە شێوەیەکی زۆر کاریتێکردووە. هەروەها بووە جێی سەرنجی مشتومڕی نیشتمانی لەسەر دادپەروەری نژادی پاش ئەوەی لە مانگی هەشت لە کینۆشای ویسکانسن هاوکاتی نارەزاییەکان و خۆپیشاندانە نائارامەکانی سەرانسەری وڵات پۆلیس تەقەی لە جەیکەب بلەیکی ئەمەریکای ڕەشپێست کرد.

هه ردوو ترامپ و بایدن به پەیامی جیاوازەوە سەردانی کینۆشایان کرد. بایدن تیشکی خستە سەر بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی سیستماتیک لەکاتێکدا سەرۆک پشتیوانییەکانی بۆ یاسا و فەرمان دوو هێندە کرد.

میشیگەن

میشیگەن، ویلایەتی پیشەسازی ، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە زیانێکی زۆری ئابوری بەرکەوتووە. لە زۆربەی بەشەکانی وڵات زیاتر لەوێ کارو کاردارییەکان زیانیان لێکەوتووە. سەرۆک هانی لایەنگرانی داوە لۆمەی پارێزگاری دیموکراتی ویلایەتەکە، گرێچن ویتمەر بکەن. بۆ داخستنی کارو بازاڕەکان.

کەمپەینی ترامپ ئەو کەسانەی میشیگەن دەکاتە ئامانج کە ئەجێندای ژینگەیی دیموکراتەکان بە زیان بۆ ئەو کرێکارانە دەزانن کە پشت بە کارگەکان دەبەستن.

بایدنیش ئەو پەیامە زیاتر بڵاودەکاتەوە کە ترامپ " هیچ بەرنامەیەکی نییە بۆ کۆنترۆلکردنی ڤایرۆسەکە، هیچ ستراتیژیەتێکی نییە بۆ دەرکردنی ئابوریمان لەو پاشەکشێیەی کردویەتی." بایدن بەڵێنیشی داوە وەگەڕخستن لە کارو ژێرخانی گرنگی ئەو ویلایەتەدا بکات.

پێنسلڤانیا

بایدن لە شاری سکرانتنی پێنسلڤانیا لە دایک بووە، لەوێ تیشکی خستۆتە سەر پێشینەی خێزانەکەی وەکو چینی کارکەر تا بتوانێت دەنگی ئەو سپی پێستانە بەدەستبهێنێتەوە کە زانکۆیان نەخوێندووە و لە ساڵی 2016 زۆربەی دەنگەکانیان بۆ ترامپ چوو، ئەوەش یەکەم جار بوو لەوەتای ساڵی 1988 وە دەنگی ئەو ویلایەتە بۆ کاندیدێکی کۆماری بچێت.

ڕۆبەرت گریفن بەڕێوەبەری گروپی دیموکراسی بۆ توێژینەوە لەسەر دەنگدەران دەڵێتلە هەڵبژاردنی 2020 پێنسلڤانیا بۆ ترامپ زیاتر گرنگە. دەشێ ئەو ویلایەتەبێت کە ببیتە مایەی گەیشتن بە 270 دەنگی نوێنەران بۆ بایدن " بەڵام لەوانەشە دەرەنجامی خراپیشی نەبێت ئەگەر تەنانەت بایدن لەوێ نەشباتەوە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی وا دیارە بایدن لە شوێنەکانی تری وەکو فلۆریدا و ئاریزۆناش لە پێشە."

فلۆریدا

لە ئێستادا بایدن بە ئاستەم لە فلۆریدا لە پێشە، ئەو شوێنەی کە زۆرترین ڕێژەی بەساڵاچووانی لە وڵاتەکەدا تێدایە لەگەڵ ئەو پەیامەدا کە باش مامەڵەنەکردنی بەڕێوەبەرایەتیەکە لەگەڵ پەتای کۆرۆنا بوو بەهۆی گیانلەدەستانی ژمارەیەکی زۆری بەساڵاچووان، ئەو چینەی کە مەترسی زیاتری پەتاکەیان لەسەرە.

ترامپ بە درێژایی هەڵمەتەکەی تیشکێکی زۆری خستۆتە سەر فلۆریدا، زوو زوو سەردانی هاوینەهەواری مارا لاگۆی خۆی دەکات و تۆماکردنی دەنگدەری نوێ لە ویلایەتەکەدا زیاد دەکات وەکو بەشێک لە هەڵمەتەکەی بۆ ئەوەی ئەو چینی کارکەرە سپی پێستانە بهێنە دەنگدان کە پێشتر دەنگیان نەدەدا.

لێکۆڵەری کۆماری ویت ئایرس لە دەزگای لێکۆڵینەوەی بیروڕای نۆرت ستار دەڵێت " ئەگەر جۆ بایدن فلۆریدا بباتەوە، زۆر قورس دەبێت بۆ دانۆڵد ترامپ 270 دەنگی نوێنەران کۆبکاتەوە کە ئەو ژمارەیە پێویستە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن." ئەو دەشڵێت بەڵام ئەگەر ترامپ فلۆریدا بباتەوە بایدن هێشتا ڕێگەی تری هەیە ئەڵبەتە ڕێگەکان زۆر تەسک دەبن بۆ کۆکردنەوەی 270 دەنگی نوێنەران.

کارۆلاینای باکور

بێجگە لە باراک ئۆباما لە ساڵی 2008 لە ماوەی 10 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕابوردوودا دەنگی کارۆلاینای باکور بۆ کۆماری بووە. شیکەرەوەکان ئەمە وەک نیشانەی گۆڕینی فراوانتر لە دیمۆگرافیا لە بەشی باشووری وڵات دەبینن، کە تیایدا ژمارەی دانیشتوانە زۆر جۆراوجۆرەکانی ڕەنگە لە بەرژەوەندی دیموکراتەکاندا بێت.

کرس کوپەر پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ڕۆژئاوای کارۆلاینا دەڵێت " زەحمەتە سەرۆک ترامپ بەبی کارۆلاینای باکور بتوانێت بگاتەوە کۆشکی سپی."

کووپەر گوتیشی باشوور زیاتر لە 10 ساڵە پێگەی بەهێزی کۆمارییەکان بووە ئەگەر ترامپ بەشێوەیەک لە شێوەکان کارۆلاینای باکور بدۆڕێنێت ئەوا ئەگەری لەدەستدانی فلۆریداش زیاتر دەبێت.

ئەریزۆنا

ئەریزۆنا لە ساڵی 1952 وە دەنگی بە کۆماری داوە بێجگە لە ساڵی 1996 کە دەنگی بە کڵنتن دا.

لە ئێستادا ویلایەتەکە بەلای بایدندا دایدەشکێنێت بەهۆی ئەو ڕەوتەی کە دەنگی دیموکراتەکان لەناو دەنگدەرانی دەرەوەی شاردا زیادی کردووە و جۆاوجۆربوونی دەنگدەرانی ویلایەتەکە بەتایبەتی گەشەسەندنی خێرایی دەنگدەری ئیسپانی. دەنگدەرە لایتینەکان لە ساڵی 2016 بە زەحمەت بوون بە 1 لە سەر پێنجی دەنگدەرانی ئاریزۆنا. کڵنتن بە ئاسانی دەنگی لاتینۆکانی بەدەست هێنا.

بەساڵاچوان ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی دەنگی ویلایەتەکە لە ساڵی 2020 دا . چەندین کۆمەڵگەی خانەنشین لە ویلایەتەکەدا هەیە و دەنگدەرانی کەمێک لە باقی وڵاتەکە بەتەمەنترن.

XS
SM
MD
LG