Accessibility links

دوو ئەندامی بەریتانی داعش لە ئەمەریکا دادگایی دەکرێن


لە دەستە چەپەوە ئەلیکساندا کۆتی و ئەلشەفی ئەلشێخ، لە دەمی وتووێژێکیاندا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد، لە نێوەندی ئاسایش لە شاری کۆبانێ، سوریا، 30 ی مانگی 3ی ساڵی 2018.

کاربەدەستانی چەسپاندنی یاسا ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند، دوو ئەندامی گوایە شانەیەکی شاراوەی داعش کە ناوەڕاستی دەیەی ڕابوردوودا دەستیان هەبوووە لە سەربڕینی بارمتە ڕۆژئاواییەکان لە سوریا، گوازراونەتەوە بۆ ئەمەریکا بۆ دادگاییکردنیان بە تاوانی تیرۆر.

ئەو دوو پیاوە بەریتانییە، ئالیکساندا ئەمۆن کۆتی تەمەن 36 ساڵان و ئەلشەفی ئەلشێخی تەمەن 32 ساڵان گوایە سەر ئەندامی شانەیەکی چوار کەسی داعش بوون لە سوریا کە بە ناوی " بیتەڵس" ناسراون و نزیکەی شەش ڤیدیۆی سەربڕینی ئەمەریکاییەکان و بارمتە ڕۆژئاواییەکانیان لە نێوان ساڵانی 2014 و 2015 دا بڵاو کردۆتەوە.

گوایە سەرۆکی گروپەکە محەمەد ئەموازی بەریتانی لە بەڕەچەڵەک کویەتی، کە بە جیهادی جۆن ناسرابوو لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا بۆ سەر سوریا لە مانگی 11 ی ساڵی 2015 کوژرا.

ئەندامی چوارەمی گروپەکەش پاشان لە تورکیا دەستگیر کرا و لەوێ دادگایی کرا و سزا درا.

ئەو پیاوانە هەردووکیان ڕەگەزنامەی بەریتانیان لێسەندراوەتەوە و لەماوەی دوو ساڵی ڕابوردودا لە زیندانی لەشکری ئەمەریکادا بوون لە عێراق پاش ئەوەی لە ساڵی 2018 لەلایەن هێزە کوردەکانی سوریاوە دەستگیر کران.

پرۆسەیەکی یاسایی دوو ساڵی لەسەر ئەو گومانبارانە لە مانگی ڕابوردوو تێکچوو کاتێک وەزیری داد ویلیەم بار گوتی ئەگەر پاش دادگاییکردنیان لە ئەمەریکا تاوانبار بکرێن ئەوا لەسێدارە نادرێن.

ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەیەوێت دادگاییان بکات بە تۆمەتی کوشتنی ڕۆژنامەوانانی ئەمەریکایی جەیمس فۆلی و ستیڤن سۆتلۆف، و کارمەندێکی ڕێکخراوی خێرخوازی پیتەر کەیسج لە میانەی ساڵی 2014 و 2015دا.

شوفێری تاکسی هینیگ و ئەندازیاری پێشوی فڕۆکە هاینس، هەردوکیان بۆ کاری کۆمەک و هاوکاری چووبوون بۆ سوریا لە ساڵی 2014 سەربڕان.

یەکێک لە قوربانییە گومانلێکراوەکانی تری دەستی ئەو شانەیە وێنەگری بەریتانی جۆن کانتلی‌یە، کە لە ساڵی 2012 لە سوریا ڕفێندراو لەو کاتەوە بێسەروشوێنە.

XS
SM
MD
LG