Accessibility links

ڕێبەرانی جیهان هیوای چاکبوونەوە بۆ سەرۆک ترامپ و خانمی یەکەم میلانیا ترامپ دەخوازن


نزیکەی یەک مانگ بەر لە هەڵبژادنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، سەرۆک دانۆڵد ترامپ بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی لە تویتێکدا ڕایگەیاند خۆی و میلانیا ترامپی خانمی یەکەم توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و خۆیان کەرەنتینە کردووە.

هەر لە دوای ئەو ڕاگەیاندنە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس ، کە تاقیکردنەوەکەی خۆی و هاوسەرەکەی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا نێگتیڤ بوو، لە تویتێکدا ڕایگەیاند " من و کێرن خۆشەویتمان بۆ دۆستانی خۆشەویستمان سەرۆک دانۆڵد ترامپ و میلانیا ترامپ دەنێرین و نزایان بۆ دەکەین. ئێمەش لەگەڵ ملیۆنان کەس لە سەرانسەری وڵاتدا نزا دەکەین بۆ چاکبوونەوەی تەواو و خێرایان. خوا بتانپارێزێت سەرۆک ترامپ و خانمی یەکەمی جوانمان."

هێشتا ڕوون نییە ئەنجامی ئەم تاقیکردنەوەیە تا چ ئاستێک کاردەدکاتە سەر چالاکییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆک. لە ئێستادا تراپ ڕۆشتی بۆ کۆبونەوە جەماوەرییەکان و بۆنەکانی کۆکردنەوەی پارە بۆ هەڵمەتەکەی ڕاگرتووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپەیۆ ڕۆژی هەینی لە دەمی سەردانەکەیدا بۆ کرواتیا پەیامنێرانی دڵنیاکردەوە کە تەندروستی باشەو کۆڤد-19 ی نییە، و گوتیشی بەردەوام تاقیکردنەوەی بۆ دەکرێت.

پۆمپەیۆ گوتی " نزا دەکەین سەرۆک و خانمی یەکەم بە زووترین کات چاکببنەوە."

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس هیوای باشبوونەوەی بۆ سەرۆک و خانمی یەکەم خواست.

هەر پاش بڵاوبونەوەی هەواڵی ئەوەی سەرۆک ترامپ تاقیکردنەوەکەی بۆ کۆرۆنا پۆسیتیڤ بووە، بازاری جیهانی شێوا.

ناۆیا ئۆشیکوبۆ ئابوریناسی باڵای ژاپۆنی بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند نیگەرانی ئەوەی هەیە ترامپ " زیاتر توند ببێت دژ بە چین، پاش توشبوونی بە ڤایرۆسەکە." ئەو گوتیشی " هەست ئەکەم سەرۆک وەزیری بەریتانیا بۆرس جۆنسن لە پاش ئەوەی کە توشی کۆڤد-19 بوو هەڵوێستەکانی توندتربوون بەرامبەر چین." ڤایرۆسی کۆرۆنا یەکەم جار لە ساڵی ڕابردوو لە چینەوە سەریهەڵدا.

ئەندامێکی دیموکراتی کۆنگرێس هواکین کاسترۆی نوێنەری تێکساس پێش ئەوەی ئەنجامی پشکنینەکەی سەرۆک ترامپ دەرکەوێت نیگەرنی دەربڕی لە تویتێکدا نوسیوی ئەگەر ئەنجامەکەی پۆستیڤ بێت پێویستە کۆشکی سپی ڕاسگۆبێت لەگەڵ خەڵکی ئەمەریکا " ئەمە تەنها پەیوەندی بە تەندروستی سەرۆکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە. ئەم ڤایرۆسە لە ماوەی شەش مانگدا زیاتر لە 200 هەزار ئەمەریکایی کوشتووە."

زیاتر لە 7 ملیۆن و 200 هەزار کەس لە ئەمەریکا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

سەرۆک وەزیری هندستان نارێندرا مودی یەکێک بوو لە ڕێبەرە بیانییەکانی کە دەستبەجێ هیوای چاکبوونەوەی بۆ سەرۆک ترمپ خواست. مودی لە تویتێکدا ڕایگەیاند" هیوای چاکبوونەوەی خێراو تەندروستییەکی باش بۆ هاوڕیم دانۆڵد ترامپ و میلانیا ترامپ دەخوازم."

دکتۆر عەبدوڵا عەبدوڵا سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئەفغانستان بۆ ئاشتەوای نیشتمانی لە تویتێکدا هیوای چاکبوونەوەی بۆ خواست و دەشڵێت " هیوادارم خەڵکی ئەمەریکا بە سەرکەوتووانە زاڵبن بەسەر ئەم پەتایەدا."

ژمارەیەک لە ڕەخنەگرانی سەرۆک لە ناویاندا ڕێبەری بەناوبانگی بزوتنەوەی مافی مەدەنی ئەمەریکاییەکان جێسی جاکسن لە تویتەرەکەیاندا هیوای چاکبوونەوەیان بۆ خواستووە. جاکسن نوسیویەتی " لە دڵەوە نزا دەکەین بۆ سەرۆک و خانمی یەکەم نەخۆشییەکە بە قورسی نەگرن. پێویستە هەمومان دوعا بکەین تا سەرۆک و هاوسەرەکەی زوو چاکببنەو. بڕوات بە هەر ئاینێک هەبێت یان هەر جۆرە بیروبۆچونێکی سیاسیت هەبێت پێویستە هەمومان پێکەوە دوعا بکەین لە کاتێکدا ئەم ڤایرۆسە کاری کردۆتە سەر ژیانی ملیۆنان ئەمەریکایی."

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە تویتێکدا دەڵێت " هیودارم بە زووترین کات سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و میلانیا ترامپی هاوسەری چاکببنەوە، کە توشی کۆرۆنا بوون. لە دڵەوە هیوادارم زاڵبن بەسەر ماوەی کەرەنتینەکەیاندا بەبێ هیچ کێشەیەک و تەندروستیان بە زووترین کات چاک بێتەوە."

سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بنیامین نەتەنیاهۆ دەڵێت " وەکو ملیۆنان ئیسرائیلی، سارا و من لە خەمی سەرۆک دانۆڵد ترامپ و خانمی یەکەم میلانیا ترامپداین و هیوادارین ئەو دۆستانەمان بە زووترین کات چاکببنەوە."

سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئەدهانوم گەبرایسیس دەڵێت " هیوادی بەزووترین کات چاکبوونەوە بۆ سەرۆک ترامپ و میلانیا ترامپ دەزخوازم."

XS
SM
MD
LG