Accessibility links

تورکیا دژی هەوڵەکانی ئەمەریکا، فەرەنسا و ڕوسیایە بۆ ئاگربەست لە ناگۆرنۆ کاراباخ


سەرۆکەکانی ئەمەریکا فەرەنسا و ڕوسیا ڕۆژی پێنجشەممە داوایان کرد دەستبەجێ ئاگربەست لە نێوان هێزەکانی ئازەربایجان و ئەرمەنستان لە ناگۆرنۆ کاراباخ ئەنجام بدریت، بەڵام تورکیا دەڵێت نابێت ئەو سێ زلهێزە جیهانییە هیچ ڕۆڵێکیان لە هەنگاوەکانی ئاشتیدا هەبێت.

فەرەنسا، ڕوسیا و ئەمەریکا ڕێبەرایەتی هاوبەشی ڕێکخراوی ئاسایشی هاوکاری ئەوروپا(OSCE ( گروپی مینسک دەکەن، کە لە ساڵی 1992 بۆ ناوبژیکردن لە ناکۆکی دەیانساڵەی ئەو ناوچەیە دامەزراوە.

ئەوان داوای ئاشتی دەکەن لە کاتێکدا ژمارەی قوربانیان زیادی کردووە لەو شەڕەی کە لەوەتای ساڵی 1990 وە گەورەترینە لە دەوروبەری ناگۆرنۆ کاراباخ کە بەشێکە لە ئازەربایجان بەڵام لەلایەن زۆرینە ئەرمەنەکانەوە بەڕێوەدەبرێت.

بەیاننامە هاوبەشەکەی ڕوسیا، ئەمەریکا و فەرەنسا دەڵێت " داوا دەکەین دەستبەجێ ئاگربەستێک بکرێت بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕە."

ئەوان داوایان لە ئەرمەنستان و ئازەربایجانی کۆماری پێشوی سۆڤیەت کردووە " بەبی دوواکەوتن و بە نیازێکی پاکەوە و بەبێ مەرجی پێشوەخت دەستبکەنەوە بە وتووێژێکی بنچینەیی" لە ژێر پرۆسەی کە بە مینسک ناونراوە.

بەڵام لە وتارێکیدا بۆ پەرلەمانی تورکیا ماوەیەکی کورت پێش بەیاننامەکەی ئەو سێ وڵاتە، سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی دژی ئەوەیە ئەو وڵاتانە دەستوەردەن لە بابەتەکە.

ئەردۆغان گوتی " لەبەر ئەوەی ئەمەریکا، ڕوسیا و فەرەنسا بۆ ماوەی 30 ساڵە ئەم کێشەیەیان پشتگوێ خستووە، جێگای قبوڵکردن نییە دەست بخەنە بابەتەکەوە بۆ هەوڵی ئاگربەست."

ئەو گوتیشی ئاگربەستێکی بەردەوام تەنها لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە " ئەرمەنییە داگیرکەرەکان" لە ناگۆرنۆ کاراباخ بکشێنەوە.

ڕەنگە لێدوانەکانی ببێتە هۆی ناڕەزایی هاوپەیمانانی ناتۆی لە کاتێکدا ئەو مەترسیە زیاد دەکات کە گەوەرەبوونەوەی شەڕەکە بۆی هەیە دەسەڵاتە هەرێمییەکانی تێ بکەوێت لە کاتێکدا ڕوسیا بنکەی سەربازی لە زۆربەی ناوچە کرستیانەکانی ئەرمەنستان هەیە و تورکیاش هاوپیەمانێکی نزیکی ئازەربایجانی زۆرینە موسوڵمانە.

لە ڕۆژی یەکشەممەوە کە شەڕەکە دەستیپێکردووە دەیان کەس کوژراون و سەدان کەسیش بریندار بوون.

XS
SM
MD
LG