Accessibility links

قوبرس داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکات سزا بخاتە سەر تورکیا


ڕۆژی پێنجشەممە قوبرس بەرەنگاری فشارە زۆرەکان بۆوە بۆ پەسەند کردنی سزای یەکێتی ئەوروپا دژ بە بەلەروس، داواش لە حکومەتانی وڵاتانی ئەوروپا دەکات سزا بخەنە سەر تورکیاش لەسەر چالاکییەکانی بۆ دەرکردنی نەوت و گاز لە دەریای ناوەڕاستدا.

لە کۆبونەوەی دوو ڕۆژیاندا لە بروکسڵ، چاوەڕوان دەکرێت ڕێبەرانی وڵاتانی ئەوروپا ڕووبەڕووی قوبرس ببنەوە کە یەکێکە لە ئەندامە بچووکەکانی یەكێتییەکە و تاوانبار دەکرێت بەوەی ڕێگەی گرتووە لە سزا خستنە سەر بەلەروس. پلانسی سزادانی ئەو وڵاتە لە پاش هەڵبژاردنەکەی مانگی هەشت دانرا کە ڕۆژئاواو ئۆپزسیۆن دەڵێن ساختەکاری تێدا کرابوو.

دیپلۆماتان دەڵێن لە کاتێکدا بەریتانیا و کەنەدا ڕێوشوێنی توندیان دژ بە مینسک گرتەبەر بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانی سەر بە دیموکراسی، پەسەند نەکردنی سزا لەلایەن ئەو یەكێتییە 27 ئەندامییەوە، کە بڕیارەکان تیایدا بە یەکدەنگی دەدرێت، متمانەی یەکێتییەکەی کردۆتە ژێر پرسیارەوە.

ڕێبەرانی یەكێتی ئەوروپاش دەڵێن ئەو بەرنوسانەی بۆ کۆبونەوەکە ئامادە کراوە توندوتیژییەکانی دژ بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز لە بەلەروس مەحکوم دەکات و دان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا نانێت. هەروەها گوتیشیان پێویستە " ڕێوشوێنی توند" بەبێ دوواکەوتن بگیرێتەبەر.

لە پەیامێکیدا بەبۆنەی شەستهەمین ساڵی سەربەخۆی قوبرس لە بەریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە، سەرۆکی وڵاتەکە نیکۆس ئاناستازیدس زۆر بە توندی ڕەخنەی لە تورکیا گرت بە دیپلۆماسیەتێک ناودێری کرد کە شەڕی تێدابێت و بە سەرپێچیکردنی لە سنورە ئاویەیکان بۆ گەڕان بە دوای نەت و غاز تاوانباری کرد.

بەر لە کۆبونەوەکەی یەكێتی ئەوروپا کە قوبرس دەخوازێت تیایدا یەکێتییەکە سزا بخاتە سەر تورکیا نیکۆس ئاناستازیدس ڕایگەیاند " ئەوەی من لە ئەنجومەنی ئەوروپای چاوەڕوان دەکەم هەوڵوێستێکی تۆکمەتر و کاریگەرتری هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەم جۆرە دیپلۆماسیەتەی کە هەڕەشەی شەڕی تێدایە."

هاوکات سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان نامەیەکی بۆ ڕێبەرانی یەکێتی ئەوروپا، بێجگە لە یۆنان و قوبرس، ناردووەو تایدا داوا دەکات یەکێتییەکە مامەڵەی ڕەوا لەگەڵ ئانکەرە بکات و ئەسینا و نیکۆسیا تاوانبار دەکات بە دروستکردنی ناکۆکی لە ئاوی مشتومڕلەسەری دەریای ناوەڕاستدا.

یەكێتی ئەوروپای بەهێز لە ڕووی ئابورییەوە خۆی بە سەکۆی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەزانێت، و سورە لەسەر ئەوەی بەڕێگای دەسەڵاتە نەرمەکەی کاربکاتە سەر رووداوەکانی جیهان کە دراوسێ کۆمنیستە کۆنەکانی گۆڕی بۆ بازاری ئابوری گەشەسەندو.

بەڵام یاسای یەکدەنگییەکەی لە سیاسەتی دەرەوەی و پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی لەگەڵ تورکیادا وای کردووە پرسیار لەسەر توانایی یەکێتییەکە بۆ کاریگەری زیاتری لە ئاستی نێونەتەوەیی دروست بکات.

لە سیاسەتی دەرەوەییشدا بەهۆی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتییەکە یەکێتی ئەوروپا لاوازتریش دەبێت، ئەمەش بابەتێکە لە دووهەم ڕۆژی کۆبونەوەکەدا باسی لێوە دەکرێت، یەكێتییەکە بە لایەنی جیاوزدا دەبرێت لە نێوان هەڵوێستی توندی فەڕەنسا بەرامبەر تورکیا و هەوڵەکانی ئەڵمانیا بۆ وتووێژ.

تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە و کاندیدیشە بۆ بوون بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، لە ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغاندا بەرەو ئاقاری تاکڕەوی دەڕوات بەڵام هاوبەشێکی ستراتیژیشە بۆیە یەکێتی ئەوروپا ناتوانێت پشتگوێی بخات.

هەنگاریاش نیگەرانە لەمەڕ توڕەکردنی ئانکەرە، کە لە ساڵی 2016 وە بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا داڵدەی ملیۆنان پەنابەری سوریایی داوە .

دیپلۆماتانی یەکێتی ئەوروپا دەڵێن چارەسەرێک ئەوەیە کە تیایدا بەڵێن بدرێت بە قوبرس کە لە داهاتوودا سزای قورسی تورکیا دەدرێت.

کاربەدەستێکی باڵای یەکێتی ئەوروپا دەڵێت " ئەمەش بۆ ئەوەیە کە هەڕەشە بکرێت لە تورکیا کە ئەگەر بەردەوامبێت لەسەر کارەکانی دەرکردنی نەوت و غاز یان کاری وروژێنەر لە سنوری ئاوی قوبرس و یۆنان ئەوا ڕووبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە."

هەروەها دەشڵێت " ئەمە مانای بەڵێندانیشە بە قوبرس تا نیکۆسیا ڤیتۆ بەرامبەر بە سزادانی بەلەڕوس بەکار نەهێنێت."

XS
SM
MD
LG