Accessibility links

کاردانەوەکان بەرامبەر یەکەم دیبەیتی نێوان سەرۆک دانۆڵد ترامپ و جێگری سەرۆکی پێشوو جۆو بایدن


کاردانەوەکان لەسەر دیبەیتەکەی شەوی سێشەممەی نێوان سەرۆک دانۆڵد ترامپی کۆماری و بەرهەڵستە دیموکراتەکەی، جێگری پێشووی سەرۆک جۆو بایدن جیاوازە لە نێوان هەردوو پارتیدا، بەڵام لەهەمانکاتدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندیش بوونەتەوە لەسەر شێوازی قسەکردنەکانیان.

ڕانا مکدانیاڵ سەرۆکی کۆمیتەی نیشتمانی کۆمارییەکان، لە پاش دیبەیتەکە لە تویتێکدا ڕایگەیاند " بۆ ماوەی نەوەد خولەک دانۆڵد ترامپ دۆسێیەکی متمانە بەخۆو، بەهێزی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی دروستکرد و جۆو بایدنی بردە ئەو ئاستەی کە پشتگیری سیاسەتی ڕادیکاڵانە بکات کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی باج، لەناوبردنی کار و پارێزراوی کەمتری کۆمەگەکانمان."

تیم مورتاگ بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوەی سەرۆک ترامپ بە کارۆلین پرێسوتی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەدای سەرۆک ترامپ" زۆر باش" بوو.

مۆرتاگ گوتی" ئەوەی بینەران بینییان سەرۆک ترامپ بوو کە لە هەموو ساتێکی دیبەیتەکەدا کۆنترۆڵی هەبوو، وابزانم ئەوەی بینرا جۆ بایدنێکی لاواز بوو، دەگەڕا بە بۆ کەسێک کە ڕزگاری بکات."

هاوکات دیموکراتە بەناوبانگەکانیش پێیان وایە جێگری سەرۆکی پێشوو جۆ بایدن لە دیبەیتەکەدا سەرکەوت و دەڵێن ئەدای ترامپ هۆکارێکی زۆر بوو بۆ ئەوەی بۆ خولی دووهەم هەڵنەبژێردرێتەوە.

سیناتۆر کۆری بوکەری نیوجێرزی کە لە سەرەتای ئەم ساڵ هەڵمەتی دژی بایدنی کرد بۆ بوون بە کاندیدی سەرەکی دیموکراتەکان، لە تویتێکدا ڕایگەیاند " دانۆڵد ترامپ بە درۆکانی، دەمارگیری، و ڕێبەرایەتییە سەرکێشەکانی شکستی بە وڵاتەکە هێنا." بوکەر بە تایبەتی سەرزنشتی سەرۆکی کرد بۆ ئەوەی ئامادە نەبوو ئیدانەی ئەوانە بکات کە باڵادەستی سپیپێستەکانیان دەوێت، و دەڵێت لەبری ئەوە " هانیدان ئامادەبن."

زۆربەی بینەرانی دیبەیتەکە ڕەخنەیان لە دەنگبەرزکردنەوە و شێوازی وتووێژەکانی نێوان هەردوو کاندید گرت لە ناویاندا کارین ئەتییە، سەرنوسەری بەشی ڕاوبۆچوونەکانی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست کە دیبەیتەکەی بە " شەرمەزاری نیشتمانی" وەسف کرد."

هەندێکی تریش لەناویاندا مێژووناسی سەرۆکایەتی مایکڵ بێشلۆس زۆر بە توندی ڕەخنەی لە سەرۆک گرت و گوتی " ئەمشەو دیموکراسی لەلایەن سەرۆکێکەوە فڕێدرا کە یاساکانی پێشێل کرد بەوەی ئامادە نەبوو ئیدانەی ئەوانە بکات کە باڵادەستی سپیپێستەکانیان دەوێت، و هیچ ڕەخنەیەک قبوڵ ناکات."

کەسانی تری وەکو سیناتۆری پێشووی کۆماری جێف فلەیک، خەمباری خۆیان دەربڕیوە لەسەر تەواوی دیمەنەکەی شەوی سێشەممە. فلەیک لە تویتێکدا دەڵێت " ئێمە وڵاتێکی باشترین لەوەی ئەمشەو نمایش کرا."

لاری ساباتۆ مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ڤێرجینیا لە تویتێکدا بە گەورەیی نوسیویەتی " دیبەیتەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی هەڵبوەشێننەوە."

دەشڵێت " مەحاڵە لەگەڵ دانۆڵد ترامپدا بتوانرێت ئاڵوگۆرێکی ئاسایی بەبەرهەم ئەنجام بدرێت."

بەڵام مۆرتاگ بەرگری لە مشتومڕەکان کرد وە ڕوونکردنەوە ناودێری کرد. ئەو گوتی " لەو بڕوایەدام وتووێژێکی ئازادانەی وەک ئەوەی سەرۆک کردی لە ڕاستیدا باشە، ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی بیرۆکەکان زۆر باشتر تا بینەران جیاوازییە ڕاستەقینەکانی نێوان هەردوولا ببینن."

.

XS
SM
MD
LG