Accessibility links

بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی لەشکری ئۆکرانی دەیان کەس گیانیان لەدەست دەدەن


کاربەدەستان دەڵێن ئێوارەی ڕۆژی هەینی فڕۆکەیەکی لەشکری ئۆکرانیا کەوتە خوارەوە و گڕی گرت و بەلایەنی کەم 22 کەسی ناو فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا.

فڕۆکەکە لەکاتی هەوڵدان بۆ نیشتنەوە لە فڕۆکەخانەی چوهویڤ لە هەرێمی خارکیڤ کەوتەخوارەوە، کە نزیکەی 400 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی کیڤی پایتەختەوە دورە.

ئۆلێکسی کوچەر پارێزگاری هەرێمی خارکیڤ دەڵێت " 27 کەس لەناو فڕۆکەکەدا بوون، حەوت ئەفسەرو و 20 خوێندکاری لەشکری. لە ئێستادا دەتوانین بلێین بە دڵنیاییەوە 22 کەس لەوانە گیانیان لەدەستداوە. دوو کەس لە نەخۆشخانەن، و سێ کەسیش بێسەوشوێنن."

کوچەر گوتیشی فڕۆکەوانێک ڕاوەستانی یەكێک لە دوو مەکینەکەی فڕۆکەکەی ڕاگەیاندبوو گوتیشی، نەدەبوو ئەمە ببێتە ڕەوشێکی مەترسیدار بۆ فڕۆکەوانێکی بەئەزموون.

فڕۆکەی ئەنتۆنۆڤ ئان-26 لە ئەرکی ڕاهێناندا بوو و زۆربەی ئەوانەش کە لەناو فڕۆکەکە بوون خوێندکاری زانکۆی هێزی ئاسمانی خارکەیڤی سەر بە وەزارەتی بەرگری بوون.

ئۆفیسی سەۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدمیر زیلینسکی ڕایگەیاند کۆمسیۆنێکی هەرێمی پێکهاتووە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە.

XS
SM
MD
LG