Accessibility links

دادوەر گینسبەرگ دەبێتە یەکەم ژن و یەکەم جوو کە تەرمەکەی بە فەرمی لە کۆنگرێسی ئەمەریکا بۆ ڕێزلێنان دابنرێت


دادوەری دادگای باڵای ئەمەریکا ڕوت بەیدر گینسبەرگ بوو بە یەکەم ژن کە پاش مردنی تەرمەکەی بە فەرمی ببرێتە کۆنگرێس بۆ ڕێزلێنان.

پاش ئەوەی تابوتەکەی گەیشتە گۆڕەپانی دەرەوەی هۆڵە تایبەتەکەی کۆنگرێس، مەڕاسیمێکی تایبەت بۆ ئەندامانی خێزانەکەی و میوانە بانگهێشتکراوەکان لە ناو هۆڵەکە دەستیپێکرد.

جۆو بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی لە دەمی ڕێزلێنانی لە دادوەر گینسبەرگ
جۆو بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی لە دەمی ڕێزلێنانی لە دادوەر گینسبەرگ

کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی جۆو بایدن و جیلی هاوسەری ئامادەبوون بۆ ڕێزلێنان لە دادوەر گینسبەرگ کە بوو بە یەکەم ژن و یەکەم کەسی جوو کە تەرمەکەی بە فەرمی لە کۆنگرێس بۆ ڕێزلێنان دابنرێت.

تابوتەکەی گینسبەرگ لە باڵاخانەی دادگای باڵاوە برا بۆ گۆڕەپانی بەردەم کۆنگرێس. جێگری کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی کاملا هیرسیش بەشداری ئەو ڕێوڕەسمەی کرد کە تەنها چەند میوانێکی سنوردار بانگهێشت کرابوون بەهۆی مەترسییەکانی پەتای کۆرۆناوە.

ئەو یاسادانەرانەی کە بانگهێشتی ئەو مەڕاسیمە تایبەتە نەکرابوون بۆ دواین ڕێزلێنان دەتوانن لە پاش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی بەر لەوەی تابوتەکە لەوێ لاببریت دووا ڕێزی خۆیانی بۆ دەرببڕن.

دادگای باڵای ئەمەریکا بەیاننامەیەکی دەرکرد و تیادا دەڵێت گینسبەرگ لە هەفتەی داهاتوو لە مەڕاسیمێکی تایبەت لە گۆڕستانی نیشتمانی ئەمەریکا بەخاک دەسپێردرێت.

دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا و میلانیای هاوسەری لە دەمی ڕێزلێنان لە دادوەر گینسبەرگ لە دادگای باڵا
دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا و میلانیای هاوسەری لە دەمی ڕێزلێنان لە دادوەر گینسبەرگ لە دادگای باڵا

تەرمەکەی بۆ دوو ڕۆژ لە دادگای باڵای ئەمەریکا بۆ ڕێزلێنان دانرا. سەرۆک ترامپ و خانمی یەکەم میلانیا ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە چوونە دادگای باڵا بۆ ڕێزلێنان لە دادوەر گینسبەرگ. و جێگری سەرۆک مایک پێنسیش ڕۆژی چوارشەممە بۆ ڕێزلێنان لێی چووە دادگای باڵا.

هەر لە ڕۆژی چوارشەممەش مەڕاسیمێکی تایبەت لە دادگای باڵای ئەمەریکا بۆ ڕێزلێنان لەو دادوەرە ئەنجام درا، کە ئەندامانی خێزانەکەی و هاوکارە دادوەرەکانی تیایدا بەشداریان کرد.

دادوەر ڕوت بەیدر گینسبەرگ، لیبراڵێکی ئازا لە ساڵی 1993 وە لە دادگای باڵای ئەمەریکایە، ڕۆژی هەینی ڕابوردوو لە تەمەنی 87 ساڵیدا لە ماڵەکەی خۆی لە واشنتن کۆچی دوایی کرد. ئەمەش دەرفەت بۆ سەرۆک دانۆڵد ترامپ دەڕەخسێنێت زۆرینەی پارێزکاران فراوانتربکات بە دەستنیشانکردنی سێهەم کەس بۆ دادگای باڵا لە دەمی دابەشبوونێکی زۆری ئەمەریکا و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.

XS
SM
MD
LG