Accessibility links

ئاگرکوژێنەوەکانی کالیفۆرنیا بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان


لە ڕۆژی دووشەممەوە دوای پێنج هەفتە لە ئاگرکەوتنەوەکانی کالیفۆرنیا کە بە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بای زوڕەوە پەرەیان سەندووە، دەستەی ئاگرکوژێنەوەکان لەهەوڵی ئەوەدان پێشئەوەی ڕەشەبا دەستپێبکاتەوە ئاگرەکە کونترۆڵ بکەن.

کالیفۆرنیا لە هاوینی ئەمساڵدا زیاتر لە هەموو ساڵەکانی پێشوو زەوی و زاری بە هۆی ئاگرەکانەوە سوتاون. ئاگرەکان کە زۆربەیان لە ڕێگای بروسکە کارەساتاوییەکانەوە دروست دەبن، لە ناوەڕاستی مانگی 8 وە تا کو ئێستا نزیکەی 3 ملیۆن و 400 هەزار دۆنم زەویان سوتاندووە.

تۆماری پێشوو لە ساڵی 2018دا بوو کە تەنها کەمتر لە 2 ملیۆن دۆنم سووتابوو.

بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی دارستانەکانی کالیفۆرنیا لە ئاگر ڕادەگەیەنێت تا ڕۆژی دووشەممە، زیاتر لە 19 هەزار کارمەندی ئاگرکوژێنەوە بەردەوامبوون لە هەوڵەکانیان بۆ کونتڕۆڵکردنی 27 ئاگری گەورە لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا.

ڕاگەیاندنەکە هەروەها باس لەوەش دەکات کە ئەو ئاگرانە، بەهۆی گەرم بوونی زەوییەوە کە زۆرێ لە زانایان وەک نیشانەی گۆڕانی کەشوهەوا ئاماژەیان پێکردووە، تاکو ئێستا نزیکەی 6100 ماڵ و باڵەخانەییان لەناوبردووە و 26 کەسیشی کوشتوە، کە سێ کەس لەوانە لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەکان بوون.

2 ملیۆن دۆنم زەوی دیکە لە ئاگرکەوتنەوەکانی سەرەتای ئەم مانگەدا کە لە ویلایەتەکانی ئوریگەن واشنتن دەستیپێکرد لەناوچوون و هەروەها زیاتر لە 4400 ماڵ باڵەخانەی ڕووخاند و 10 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.

بەڵام بارانی کۆتایی هەفتە لە ڕۆژئاوای زەنجیرە چیاکانی کەسکەێدەوە یارمەتیدەر بوو تا دەستەی ئاگرکوژێنەوەکان بتوانن لە باکووری ڕۆژئاوای پەسێفیک ئاگرەکان لەم دوو ویلایەتە کونترۆڵ بکەن.

هەرچەندە کالیفۆرنیا لەم ڕۆژانەی دواییدا بارانێکی زۆر کەمی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام ئەو ڕەشەبا گەرمەی کە بوبو بە هۆی زۆر بوونی ئاگرەکان، لەم ڕۆژانەدا کەمی کردوە و ئاگرکوژێنەوەکان بە ئاسانی دەتوانن نزیک ببنەوە لە شوێنی ئاگرەکان بۆ کوژاندنەوەیان.

لین تۆلماچۆف وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پاراستنی دارستانەکانی کالیفۆرنیا لە ئاگر و پاراستنی ئاگری کالیفورنیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە ئەوان تا ئەو شوێنەی بکرێت سوود لەو کەشوهەوا فێنکە وەردەگرن.

پێشبینی ناکرێت کە دابەزینی پلەی گەرما زۆر بخایەنێت. تۆلماچۆف ڕایگەیاند کە پێشبینییەکان باس لە گەڕانەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و نزمی شێ و بای بەهێز دەکەن لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە لە باشوری کالیفۆرنیاوە و تا کۆتایی هەفتەش لە باکووری ویلایەتەکە.

بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی کالیفۆرنیا دەڵێت" هەندێک ئاگرەکان کۆنتڕۆڵکردنیان قورسترە، یەکێک لەوانە بە ناوی بۆبکەت لە شاخەکانی سان گابریەل لە باکووری لوس ئەنجلس ڕۆژی دووشەمە زیاتر لە 100 هەزار دۆنم زەوی گرتەوە، لە کاتێکدا کە ئاگرکوژێنەوەکان توانیان تەنیا 15% ی زەوییەکان ڕزگار بکەن.

چەندین ناوچەی تر لەوانە پاسادینا کە شارێکی 140 هەزار کەسییە هۆشداری چۆڵکردنی دراوە و ئامۆژگاری دانیشتوانیان کردووە کە ئامادە بن لە کاتی ئاگادارکردنەوەدا بۆ چۆڵکردنی ماڵەکانیان

XS
SM
MD
LG