Accessibility links

ئەمەریکا بەڵێنی گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان دەدات بۆ سەر ئێران


ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت لە کاتژمێر8 ئێوارەی 19ی ئەم مانگەوە بەخێرایی هەموو سزا نێودەوڵەتییەکان دەسەپێنێتەوە بە سەر ئێراندا و دەڵێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیە و هەفتەی داهاتووشدا بە تەواوی پلانەکانی واشنتن بۆ جێبەجێکردنی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران دەخرێنەڕوو.

مایک پۆمپەیۆ ڕۆژی چوارشەممە لە واشنتن لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ دۆمینیک ڕاب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی " ئێمە هەفتەی داهاتوو دەگەڕینەوە بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان تا سزاکان بە سەر ئێراندا بسەپێنینەوە بۆ ئەوە ئابڵووقەی چەک لە هەفتەی داهاتوودا جێگیر بکرێت. "

وەرزیری دەرەوەی بریتانیاش گوتی "ئێمەش بە تەواوی لەگەڵ ئەوەداین کە ئێران نابێت بە هیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ناوەکی بگات". ڕاب گوتیشی "ئێمە پێمان وایە کە دەرگاکانی دیپلۆماسی بەڕووی ئێراندا کراوەیە بۆ دانوستان و رێگایەکی ئاشتیخوازانەیە بۆ چارەسەری کێشەکان." بەڵام ئەو باسی لەوە نەکرد بریتانیا چۆن و بە چ شێوەیەک دەیەوێت سزاکان بۆ سەر ئێران جێبەجێ بکات.

بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کە بە وڵاتانی E3ناسراون لە مانگی 8دا ڕایانگەیاند ناتوانن پشتگیری ئەمەریکا بکەن لە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران و گوتیشیان ئەو کارە لەگەڵ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێراندا ناگونجێت.

ئیلیۆت ئەبرامس، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران و ڤەنزوێلا لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا ڕۆژی چوارشەممە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند "ئاخۆ ئەو وڵاتانە لە ڕاستیدا سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگوێ دەخەن [ بڕیاری 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان].ئەوەش دەبینین." ئەوەشی خستەڕوو کە وڵاتانیE3 و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بە واشنتنیان وتووە کە ئەوان نایانەوێت گەمارۆکانی چەک لە سەر ئێران کۆتایی پێبێت، بەڵام ئەوان نەیانتانی هیچ هەنگاوێک بنێن بۆ مانەوەی گەماڕۆکانی چەک بۆ سەر ئێران لە نەتەوە یەکگرتوەکاندا.

ئەبرامس گوتی ئەو سزایانەی کە دەسەپێندرێنەوە بریتین لە "قەدەغەکردنی چالاکییەکانی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ناوەکی، قەدەغەکردنی تاقیکردنەوە و گەشەپێدانی مووشەکی بالیستیک و هەروەها سزاکان لەسەر گواستنەوەی تەکنەلۆژیای پەیوەست بە چەکی ناوکی و مووشەکی بۆ ئێران".

بەرپرسانی ئەمەریکا هۆشداری ئەوە دەدەن کە گەر سنوورێک بۆ ئێران دانەنرێت ئەو وڵاتە زیاتر دەبێتە هۆی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و زیاد بوونی ناکۆکییەکان و هەروەها دەبێتە هۆی پەرەسەندنی پێشبڕکێی چەک لە هەرێمەکەدا.

ئەمەریکا لە 14ی مانگی 8دا هەوڵی دا گەماڕۆ بەسەرچووەکانی چەک دژی ئێران لە ڕێگای ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە درێژبکاتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

بە پێی ڕێکەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 کە بە بەرجام ناسراوە، گەماڕۆکان لە دژی ئێران بۆ فرۆشتن یان گواستنەوەی چەک بۆ ئێران لە 18 مانگی 10 دا بە سەردەچێت.

بە هۆی بەربەستەکانەوە بۆ درێژکردنەوەی گەماڕۆکانی چەک بۆ سەر ئێران، واشنتن بڕیاری 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش، کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانی جێبەجێ کردووە، وەک تاکە ڕێگا دەبینێت بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی چەک.

لە کاتێکدا ئەمەریکا ئەم هەفتەیە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی سزاکان لە دژی ئێران بگەڕێنیتەوە، بەڵام پێدەچێت تا ڕادەیەکی زۆر وڵاتانی E3 ئەم پرسەیان بە لاوە گرنگ نەبێت و پشتگوێی بخەن. هەندێک لە شارەزایان ڕایانگەیاند کە ئەمە کاریگەری لەسەر ئابووری ئەوروپا دادەنێت مەگەر ئەوەی ئەمەریکا بە گەمارۆی دیکە سزای ئەم وڵاتانەش بدات.

ئامانجی دەستبەجێی ئەمەریکا لە هەوڵدان بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان، ڕێگریکردنە لە کۆتایی هێنانی گەمارۆی چەک لە ناوەڕاستی مانگی 10 دا. بەڵام ڕیچارد گووان، بەڕێوبەری گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان( ICG ) دەڵێت " تەنانەت ئەگەر گەماڕوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە مانگی داهاتوو کۆتاییپێبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاڕ نییە کۆمپانیاکانی بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا دەست بە فرۆشتنی تانک بکەن لەگەڵ تاراندا. ئەمەریکا پێشبینی دەکات چین و کۆمپانیاکان بەدوای مامەڵەی چەکدا بن لەگەڵ ئێراندا و پێدەچێت سزایەکی تری یەکلایانە بە سەر ئەو کۆمپانیا و لایەنانەدا بسەپێنێت و دەشڵێت بەڵام ئەوە زۆر ئەوروپییەکان بێزار ناکات."

گۆوان ڕۆژی چوارشەممە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بە گشتی ئەمەریکا بۆی دەرکەوت کە ئەمە شەرێکی بەسوود نیە بۆی کە بەردەوام بێت لە سەری". ئەو گوتیشی "بە هەمان شێوە سیاسیەیکانی E3 پێیان باشە کە خۆیان بە دوور بگرن لە کێشەکان سەبارەت بە گەڕاندنەوەی گەماڕۆکان بۆ سەر ئێران لە بەر ئەوەی نایانەوێت بەو هۆیەوە ئاڵۆزی بکەوێتە نێوانیان لەگەڵ واشنتندا."

بە پێی ئەو ڕێککەوتنە ناوکیەی کە لە نێوان ئێران و پێنج ئەندامی هەمیشەی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا لە سالی 2015 ئەنجام درا، دەبوو سزاکانی سەر ئێران هێواش هێواش کۆتایی پێبێت لە بەرامبەر سنوردارکردنی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران تا ڕێگەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لێبگیرێت. هەروەها بازاڕەکانی ئێرانی کردەوە کە پشت بە زۆرێک لە وەبەرهێنەرە بیانییەکان ببەستن.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە مانگی پێنجی ساڵی 2015 لە ڕێککەوتنەکە کشایەوەو تاکلایەنانە سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، لە وەڵامی ئەوەدا تارانیش هەندێک لە چالاکییە ناوکییەکانی دەستپێکردەوە و لە مانگی 7 ی ساڵی 2019 سەرپیچی لە ڕێککەوتنەکەدا کرد بە تێپەڕکردنی هەردوو سنوری ئاستی یۆرانیۆمی پیتێندراو و عەمبارکراویش. ئێران نکوڵی لەوە دەکات چالاکییە ناوکییەکانی بۆ مەبەستی لەشکری بێت.

XS
SM
MD
LG