Accessibility links

سەرۆک ترامپ: بە هیچ شێوەیەک ڕێگا نادەین ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت


دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، جارێکی دیکە ڕەخنەی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی مانگی 7 ساڵی 2015 نێوان زلهێزانی جیهان و ئێران گرتەوە و گوتی بەڕێوبەرایەتییەکەی هەرگیز ڕێگا نادات کۆماری ئیسلامی ئێران بۆمی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.

لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی، سەرۆک ترامپ ئاماژەی بە ڕیککەوتنەکانی ئەم دواییانەی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و بەحرەیندا کرد و گوتی سیاسەتی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست جیاوازە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ڕابوردوودا.

سەرۆک ترامپ گوتیشی جیهان پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیلدا کردووە " پێتان دەڵێم، ئێمە بەلایەنی کەم 4 یان 5 وڵاتی ترمان هەیە کە دەیانەوێت بەشداری بکەن. ئەوان دوێنێ دەهاتن. دوێنێ قسەم لەگەڵ دوانیان کردووە. دەستبەجی ئامادەن."

سەرۆک ترامپ گوتیشی " پێم وابێت ئاستێکی تەواوی ئاشتی بەدەستدێت بەبێ خوێن ڕشتن لەسەر لمدا."

سەرۆک ترامپ باسی لە شیانی بەشداری عەرەبستانی سعودیەش کرد و گوتی " بڕوادەکەم بەشداری کردنی عەرەبستانی سعودیە شتێکی زۆر مەزن دەبێت. و پێم وابێت سعودیەش بەشدار دەبێت ئەمەش هەستی منە و لەسەر بنەمای هیچ زانیارییەک نییە، بەڵام پێم وایە سعودیەش دێت."

سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی تر ڕێککەوتنی ناوکی وڵاتانی زلهێزی جیهانی لەگەڵ ئێران بە ڕێککەوتنێکی ناژیرانە لەقەڵەم دا و گوتی " سەرۆک 150 ملیاری دا و هیچی دەست نەکەوت ئۆباما 1 ملیارو 800 ملیۆن دۆلاری بە کاش دا بە ئێران دەزانن ئەوە چییە ئەو 1 ملیار و 800 ملیۆن کاشە زۆر لە 150 ملیار دۆلارە نۆرماڵەکە گرنگتر بوو بۆیان."

سەرۆک ترامپ گوتیشی جەختی کردەوە سەر ئەوەی بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادرێت ئێران ببێت بە خاوەن چەکی ناوکی " بە هیچ شێوەیەک ئێمە ڕێگا نادەین ئێران چەکی ناوکی بەدەستبهێنێت. بیرتان بێت بە هیچ شێوەیەک ئەمە ڕوونادات."

بە پێی ئەو ڕێککەوتنە ناوکیەی کە لە نێوان ئێران و پێنج ئەندامی هەمیشەی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا لە سالی 2015 ئەنجام درا، دەبوو سزاکانی سەر ئێران هێواش هێواش کۆتایی پێبێت لە بەرامبەر سنوردارکردنی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران تا ڕێگەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لێبگیرێت. هەروەها بازاڕەکانی ئێرانی کردەوە کە پشت بە زۆرێک لە وەبەرهێنەرە بیانییەکان ببەستن.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە مانگی پێنجی ساڵی 2015 لە ڕێککەوتنەکە کشایەوەو تاکلایەنانە سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، لە وەڵامی ئەوەدا تارانیش هەندێک لە چالاکییە ناوکییەکانی دەستپێکردەوە و لە مانگی 7 ی ساڵی 2019 سەرپیچی لە ڕێککەوتنەکەدا کرد بە تێپەڕکردنی هەردوو سنوری ئاستی یۆرانیۆمی پیتێندراو و عەمبارکراویش. ئێران نکوڵی لەوە دەکات چالاکییە ناوکییەکانی بۆ مەبەستی لەشکری بێت.

XS
SM
MD
LG