Accessibility links

دیپلۆماتی باڵای یەکێتی ئەوروپا: پەیوەندییەکانی تورکیا لەبەردەم ئەگەری وەرچەرخانێکی مێژووییدایە


بەرپرسی ڕێبازی دەرەوەیی یەكێکی ئەورپا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند پەیوەندی نێوان یەکێتییەکە و تورکیا لە وەرچەرخانێکی هەستیاردایە و داوای لە سەرکردەکان کرد بڕیار لەسەر ئایندەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیادا بدەن.

جۆزف بۆرێل هۆشدارییەکەی خۆی لە کاتێکدا ڕاگەیاند کە ئاڵۆزییەکان لەگەڵ تورکیا لەسەر بەرژەوەندییەکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست زیادی کردووە کە تەنانەت مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی لەشکریشی دروست کردووە.

بۆرێل لە دانیشتنێکی پەرلەمانی ئەوروپا لە بروکسڵ گوتی " پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا لە ساتەوەختی وەرچەرخانێکی مێژووییدایە، ئەم پەیوەندیانە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یەکلایی دەبنەوە ". ئەو بەڵێنی دا وتووێژی زیاتر لەگەڵ ئانکەرەدا ئەنجام بدرێت هەرچەندە دانیشی بەوەدانا " بارودۆخەکە خراپتر بووە."

ئەو گوتیشی لە لوتکەیی یەکێتی ئەوروپادا کە لە 24 و 25 ی مانگی نۆ بەڕێوەدەچێت " کاتی ئەوە هاتووە ڕێبەرانمان بڕیاری سەخت بدەن".

دواین گرژی و ئاڵۆزی لە کاتێکدا دەستیپێکرد کە تورکیا کەشییەکی تایبەتی بە دۆزینەوەی سەرچاوەکانی نەوت و گاز لە دەریا ڕەوانەی سنوری ئاوی مشتومڕ لەسەر کرد. یۆنانیش بە کەشتییە جەنگییەکانی خۆی ڕووبەڕووی کەشتییەکەی تورکیا بویەوە و مانۆری لەشکری لەگەڵ چەند هاوپەیمناێکیدا ئەنجام دا.

بەرزبوونەوەی ئاستی پشێویەکان وەهای کرد ئەڵمانیا ببێتە ناوبژیکارێک بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەک بۆ ئەم کێشەیە و هەروەها هاوپەیمانێتی ناتۆش ژمارەیەک دانیشتنی ڕاوێژکارییانەی کرد بە مەبەستی دوورخستنەوەی هەردوو وڵاتی ئەندامی ناتۆ لەوەی بکەونە شەڕەوە.

ئانکەرە ڕۆژی یەکشەممە، ڕایگەیاند کەشتییەکەی گەڕاوەتەوە کەنارەکانی تورکیا.

سەرەک وەزیری یۆنان پێشوازی لەو هەواڵە کرد و بە "هەنگاوێکی ئەرێنی" ناودێری کردووە.

بەڵام مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت یۆنان هەڵە دەکات ئەگەر کشانەوەی کەشتییەکە وەها لێکبداتەوە کە پاشەکشەی تورکیایە.

پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا بابەتی سەرەکیی کۆبونەوەکەی هەفتەی داهاتوی یەكێتی ئەوروپا دەبێت لە کاتێکدا فەرەنسا پشتیوانی لە یۆنان و قوبرس دەکات لە شیانی سزا خستنە سەر ئانکەرە. بۆرێل دەڵێت " هێشتا هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر سزا خستنە سەر تورکیا نەکراوە." بڕیاری سزادان پێویستی بە ڕەزامەندی هەر 27 ئەندامەکەی یەکێتی ئەوروپا هەیە.

XS
SM
MD
LG