Accessibility links

کاردانەوەی جۆراوجۆر لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و بەحرەین


کاردانەوە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لەسەر ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و بەحرەین جۆراو جۆر بوو، هەرچەندە زۆربەی ڕەخنەکان لەسەر ڕێککەوتنەکە جۆرێک بێدەنگی لێکراوە.

کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە کە تیایدا هەندێک لە بەحرەینییەکان دەڵێن ئەوان دژی ڕێککەوتنی ئاشتی وڵاتەکەیانن لەگەڵ ئیسرائیلدا. هەرچەندە ڕوون نییە ئایا ئەو بەحرەینییانە دژی حکومەتەکەیانن یان بۆچوونەکانیان بۆچوونی زۆرینەیە.

خێزانی ئەلثانی فەرمانڕەوای قەتەر چەندین ساڵە لە بەربەرەکانیدان لەگەڵ ڕکابەرە بەحرەینییەکانیان هاوکاتی پەیوەندی ناکۆک لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

ئەنوەر گەرغاش وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە تویتەکەیدا ڕایگەیاند کە ''پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە نیشانەیەکی ڕوونن بۆ پێویستی نەهێشتنی هەمو ئەو ڕێبازە کۆنانەی کە هیچ بەرهەمێکیان نەبووە."

ئەو گوتیشی " دەستپێکی نوێ دەرفەتی ڕاستەقینەی هەیە دەشێت ڕێگا خۆش بکات بۆ ئەو چارەسەرە سیاسییەی کە ئاسیایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی پێشدەخات."

لە میسر، ئەو وڵاتەی کە لە ساڵی 1979 بوو بە یەکەم وڵاتی ناوچەکە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا مۆر بکات، سەرۆک عەبدول فەتاح ئەلسیسی لە تویتێکدا ڕایگەیاند " ئەو هەنگاوە گرنگە بەئاراستەی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرزدەنرخێنێت، بەشێوەیەک کە بگات بە بەسازانێکی ڕەوا و هەمیشەیی بۆ کێشەی فەلەستینییەکان."

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکی ڕۆژی شەممەدا ڕایگەیاند ئێستا بەحرەین بووە بە هاوبەشی ئەوەی بە " تاوانەکانی ئیسرائیل" ناودێری کرد و گوتی ئەمانە " هەڕەشەی بەردەوامن بۆ سەر ئاسایشی هەرێمەکەو جیهانی ئیسلامی."

ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامەنەئی بەم دواییانە ڕەخنەی توندی لە ئیمارات گرت، کە لە مانگی ڕابوردوودا ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا مۆر کرد، و گوتی " خیانەتی" لە جیهانی ئیسلامی کردووە.

ژمارەیەک لە پارتە سیاسییەکانی جەزائیر و گروپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕەخنەیان لە ڕێککەوتنەکە گرتووەو بە " خیانەتکردن" لە دۆسێی فەلەستینییەکان ناودێریان کردووە.

هەروەها لایەنە فەلەستینییەکانیش ئەو ڕێکەوتنەیان شەرمەزار کرد. سەئیب ئێرکات نوێنەری فەلەستینییەکان بۆ وتووێژ لە کەناڵی لە کەناڵی ئەلجەزیرە ڕایگەیادن" تەنها چەند هەفتەیەک لەمەوبەر شار حەمدی بەحرەین جختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل دا واژۆ ناکات."

لایەنی ئیسلامی فەلەستینییەکان لە غەزە ڕێککەوتنەکە بە ئەندازەی " ناپاکییە" و داوای لە دەسەڵاتی فەلەستینی کردووە باڵیۆزی خۆی لە کۆمکاری عەرەبی بنکە لە قاهیرە بکشێنێتەوە.

سەید سادق مامۆستای سۆسیالۆژی لە زانکۆی ئەمەریکای قاهیرە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند جەماوەری عەرەب وەکو جاران هاوسۆزی بۆ کێشەی فەلەستینییەکان نیشان نادەن.

ئەو گوتی "بەشێکی زۆری عەرەب هەست دەکەن کە فەلەستینییەکان ناخوازن ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا واژۆ بکەن چنکە قازانجیان لەوەدایە هاوکاری لە جیهانی عەرەب وەربگرن لەوەی ئاشتی ئەنجام بدەن. ئەمڕۆ عەرەب زیاتر نیگەرانی بەرژەوەندی خۆیەتی زیاتر لە بەرژەوەندی فەلەستینییەکان."

XS
SM
MD
LG