Accessibility links

گڕی دارستانەکان ناوچەیەکی گەورەی کەناری ڕۆژئاوای ئەمەریکا دەسوتێنێت


ناوچەیەکی گەورەی کەناری ڕۆژئاوای ئەمەریکا دەسوتێت لە کاتێکدا زیاتر لە 100 ئاگری دارستانەکانی کە نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت لە شەوی هەینی هەر لە کالیفۆرنیا و هەتا ویلایەتی واشنتنی گرتۆتەوە تەواوی ناوچەکانی کردۆتە مەترسییەوەو بەلایەنی کەم 24 کەس گیانیان لەدەستداوە.

زیاتر لە 500 هەزار کەس لە ئۆریگەن کە ڕێژەی 10% ی زیاتری دانیشتوانە، لەو ناوچانەدا دەژین کە دەبێت چۆڵ بکرێن لە کاتێکدا ئاگرەکە هەزاران خانو و سەدان هەزار دۆنم زەوی سوتاندووە. نێوەندی کۆبونەوەی ئۆریگەن لە پۆرتلاند کراوە بە شێڵتەری کاتیی بۆ ئەو کەسانەی کە ماڵەکانیان چۆڵ کردووە. بەشێکی زۆری ئەوانەی ماڵەکانیان جێهێشتووە لە ناو ماشێنەکانیاندا دەژین.

ئەندرۆ فلپس بەڕێوەبەری ئۆفیسی بەڕێوەبەرایەتی فریاکەوتنی ئۆریگەن دەڵێت " ئێمە خۆ ئامادە دەکەین بۆ ئەو ڕووداوانەی کە رەنگە زیانێکی گیانی زۆری لێبکەوێتەوە بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی ئەو باڵەخانانەی سوتاون."

پارێزگاری کالیفۆر گاڤین نوسەم ڕایگەیاند " ئەمە حاڵەتێکی لەناکاوی کەشوهوایە، ئەمە ڕاستییەو ڕوودەدات. ئەمە زریانێکی تەواوە، ئەوەی ئێمە لێرەدا دەیبینین، دێتە هەمو کۆمەڵگەکانی سەرانسەری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەگەر پێکەوە کارێک نەکەین لەسەر گۆڕانی کەشو هەوا." زیاتر لە 68 هەزار کەس لە کالیفۆرنیا فەرمانی چۆڵکردنی ماڵەکانیان پێدراوە.

دووکەڵێکی زۆر و تەم ناوچەکەی داپۆشیوە، ئەمەش بۆتە هۆی هۆشدارییە تەندروستییەکان و وای کردووە کاربەدەستان داوا لە دانیشتوان بکەن لە ژوورەوە بمێننەوە.

لە قەرەباڵغترین ناوچەی ئۆریگەن، بە هەلیکۆپتەر هەوڵی کوژانەوەی دوو ئاگردرا کە ترسی فراوانبوونیان هەبوو.

پارێزگاری ئۆریگەن کەیت براون ڕۆژی هەینی گوتی دەیان کەس لە ناوچەکانی جاکسن و ماریۆن بێسەروشوێنن.

لە کالیفۆرنیا گەورەترین ئاگر لە مێژووی ویلایەتەکەدا دارستانی نیشتمانی مێندۆسینۆ دەسوتێنێت، کە نزیکەی 190 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای سەکرامێنتۆوە دوورە.

جەی ئینسێلی،پارێزگاری ویلایەتی واشنتن دەڵێت " ئەمە کاری خوا نییە، ئەمە ڕوویدا بەهۆی ئەوەی کە ئێمە بە شێوەی بەرچاو دۆخی کەشوهەوای واشنتنمان گۆڕیوە." ئەو گوتیشی ئەو زەوییانەی لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابوردوو لە واشنتن سوتاون وەرزی سوتانی دارستانەکانی کردۆتە دووهەمین خراپترین لە ویلایەتەکەدا".

XS
SM
MD
LG