Accessibility links

هۆشیار عەبدوڵا: کازمی لەسەردانەکەیدا بۆ هەرێم هیچ شتێکی واژو نەکردووە تا ببێتە ماڵ بەسەریەوە


ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بەوەدەکات سەردانەکەی کازمی بۆ هەرێمی کوردستان بۆ لابردنی فشارەکانی سەری بووە لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە، بەتایبەت مانگانە بڕێک پارە بۆ هەرێم دەنێرێت، بێ ئەوەی هەرێم هیچ جۆرە داهاتێک بۆ بەغدا بگێڕێتەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت"ناونیشانی سەردانەکەی کازمی بۆ هەرێم ئەوەبوو گوایە 50% ی داهاتی خاڵە سنوریەکان دەگێڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی فیدرالی و خاڵە سنوریەکان بەهاوبەشی دەبرێن بەڕێوە، بەڵام لەسەردانەکەدا، هەست بە نمایشی سیاسی و ئەجێندای تر کرا، بۆیە پێموانیە کازمی بتوانێت ڕێگری لە بەهەدەردانی پارە لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمەوە بکات."

سەبارەت بەو ڕێککەوتنەی نێوان هەرێم و بەغدا، کە بەغدا مانگانە 320 ملیار دینار دەداتە هەرێم، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ڕوونیکردەوە ڕێککەوتنەکە بەحساب تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، بەڵام گرفت ئەوەیە چۆن لە یاسای بودجەی 2020 دا جێی دەکرێتەوە، بەتایبەت ئەو ڕەشنوسە نافەرمیەی گەیشتووەتە دەستمان، ناڕەزایەتیەکی گەورەی لای هێزە عێراقیەکان دروستکردووە، وتی"ناردنی ئەم پارە هیچ گەرەنتیەکی نیە، ڕەنگە لەهەر ئان و ساتێکدا ببڕێت، چونکە داهاتی عێراق کورتهێنانی گەورەی هەیە، کازمی 15 ملیار دۆلاری قەرزکردووە و موچەی پێداوە، بودجەی 2020 یان بەپەلە ئامادەکردووە، تا چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ قەرزکردنی بیست و حەوت ملیار دۆلار بدۆزنەوە و موچەی پێبدەن."

جەختیشیکردەوە"پشکی هەرێم هەمیشە کێشەی لەسەرە، عێراق مانگانە 6 ملیار دۆلاری بۆ خەرجی دەوڵەت پێویستە، لەکاتێکدا ئێستا کەمتر لە دوو ملیاری دەست دەکەوێت، بۆیە پشکی هەرێم هەمیشە لەبەردەم مەترسی بڕیندایە."

لەبەشێکی تری قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، هۆشیار عەبدوڵا ڕوونیکردەوە لە 2014ەوە گرفت لەنێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامی هەیە، وەفدەکان دێن و دەچن، هەموو ساڵێک پێش یاسای بودجە گفتووگۆکان گەرمن، کەچی دواتر تێکدەچنەوە، ئێستاش بانگەشەی ڕێککەوتنێکی دوورمەودوا و ستراتیژی بۆ بودجەی 2021 دەکرێت، وتی"ئیرادەی سیاسی لەکوردستان یەکلایی بووەتەوە، جارێکی تر نەوت ڕادەستی بەغدا ناکاتەوە، داهاتی ناوخۆ و نا نەوتی نیوەی ئاشکرا دەکرێت، تا هەرکات ڕێککەوتن کرا، چارەکێکی بگەڕێننەوە، بۆیە ئیرادەی ڕێککەوتنی شەفاف نە بۆ ئێستا و نە بۆ داهاتووش نیە."

دەربارەی ئەوەی گەر ئیرادەی ڕێککەوتن نیە، بۆچی وەفدەکان دێن و دەچن، بەڕای هۆشیار عەبدوڵا ئەوە تەنها بۆ چەواشەکردنی خەڵکە، تا بوترێ ئێمە ئامادەین بۆ ڕێککەوتن، بەڵام بەغدا ڕێکناکەوێت، بەغداش پێویستی بەم هاتووچۆ هەیە، وتی"هاتووچۆی ئەم هەموو وەفدە، بەدرێژایی ئەم چەند ساڵە، سودی نەبووە، شتێک چوار پێنج ساڵ ئەنجامی نەبێت، چاوەڕوان ناکرێت بە مانگ و دوو مانگ ئەنجامی هەبێت."

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، هاتەوە سەر باسی سەردانەکەی کازمی بۆ هەرێم، ڕوونیکردەوە سەرۆک وەزیرەکانی پێشووتری عێراقیش، هەرکات هەوڵی مانەوەیان لە پۆستەکانیان دابێت، پەنایان بۆ کارتی کوردی بردووە، کازمیش بەجوڵەکانیدا دیارە، نیەتی مانەوەی هەیە، دەیەوێت کارتی کوردی بەدەست بهێنێتەوە، وتی"گەرنا، تا ئێستا نە لە دۆسیەی تیرۆرکردنی چالاکوانان، نە لە زیادکردنی داهاتی ناوخۆ، جوڵەکانی ئەنجامیان نەبووە، بەڵام لە سۆشیال میدیا و ڕای گشتی وجودێکی گەورەی هەیە."

وتیشی"لە هاتنەکەشی بۆ هەرێم، بەڵێنی کۆنکرێتی نەداوە، شتێکی واژۆ نەکردووە، تا ببێتە ماڵ بەسەریەوە، لە جوڵەکانیدا کەمتر هەست بە هەنگاوی کرداری دەکرێ، بەڵام هاتنەکەی دەرسێک بوو، تا بزانرێ خەڵکی کوردستان چەند لە چینی سیاسی حوکمڕان بێزارن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:13 0:00


XS
SM
MD
LG