Accessibility links

هۆشداری دەدرێت بە دەنگدەرانی ئەمەریکا پشودرێژبن لەگەڵ ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا


ئەو کاربەدەستانەی بەرپرسیارن لە پاراستنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی ئەمەریکا هۆشداری دەدەن لەوەی کە ڕەنگە گەورەترین مەترسی شەپۆلێکی زانیاری بێسەروبەربێت لەلایەن نەیارانی ئەمەریکاوە لە چەند کاتژمێرێکدا پاش داخستنی بنکەکانی دەنگدان لە سەرانسەری وڵاتەکە.

کاربەدەستان ترسی ئەوەشیان هەیە ئەمە لە کاتێکدا بێت کە وڵاتەکە لە هەستیارترین ساتەوەختدا دەبێت، کاتێک بەشێکی زۆری ئەمەریکاییەکان چاوەڕوانی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکەن لە ڕۆژی دەنگداندا، بەڵام بەهۆی زۆری دەنگدان بە ڕێگای پۆستە لەمساڵدا و دەنگدانی پێشوەخت بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، ڕەنگە ئەو ئەنجامانە لە شەوی هەڵبژاردن یان تەنانەت ڕۆژی دوواتریش دەرنەکەون.

کریستۆفەر کرێبس بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی ئەنتەرنێتی و ئاسایشی ژێرخانی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە گوتی " ڕەنگە ئەمە کاتێکی زیاتر بخایەنێت بۆ ژماردنەکان بەهۆی زیادبوونی دەنگدانی غیابی ".

لە پەیامێکدا بۆ دەنگدەران ڕایگەیاند " پێویستە هەندێک پشودرێژ بن، دیموکراسیەت لە شەوڕۆژێکدا دروست نەبوو."

کریستۆفەر کرێبس بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی ئەنتەرنێتی
کریستۆفەر کرێبس بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی ئەنتەرنێتی


ئەمە یەکەم جار نییە کرێبس هۆشداری لەم جۆرە بدات، بەڵام پەیامەکە لە ئێستادا گرنگی زیاتری هەیە لە کاتێکدا کەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنەکان و سەرنجێکی زۆریش لەسەر دەنگدان بە ڕێگای پۆستەیە.

ترێڤەر تیمۆنس کاربەدەستی باڵای زانیارییەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتی دەرەوەیی ویلایەتی کۆلۆرادۆ، دەڵێت یەکێک لەو شتانەی کە کاربەدەستانی هەڵبژاردن باسی لێوە کارکردنە لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی خەڵکی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ ئەوەی ئامادەبن."

کۆلۆرادۆ یەكێکە لەو چەند ویلایەتەی کە ڕێگا دەدات هەمو ئەوانەی خۆیان بۆ دەنگدان ناونوسی کردووە بتوانن بە ڕێگای پۆستە دەنگ بدەن و دەنگەکانی خۆیان چەند هەفتەیەک بەر لە هەڵبژاردنەکان بنێرن. بەشێکی زۆری ویلایەتەکانی تر گۆڕانکارییان لە پرۆسەکانیاندا کردووە و نوێیان کردۆتەوە بۆ ئەوەی لەم ساڵ بەهۆی نیگەرانییەکانی کۆڤد19 بتوانرێت دەنگ بە ڕێگای پۆستە بدرێت.

بەڵام بڕیار لەسەر ئەوەی لە چ کاتێکدا ویلایەتەکان دەتوانن دەستبکەن بە ژماردنی ئەو دەنگانەی بە ڕێگای پۆستە دراوە جیاوازە.

بە پێی یاسا کاربەدەستانی کۆلۆرادۆ دەتوانن 15 ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردن دەستبکەن بە ژماردنی دەنگەکان هەرچەندە ئەنجامەکان ڕاناگەیەنرێن هەتا ئەو کاتەی هەڵبژاردنی تەواو نەبێت.

بە پێچەوانەی ئەو بەلایەنی کەم 15 ویلایەت ژماردنی دەنگەکان دەستپێناکەن هەتا هەڵبژاردنەکە کۆتایی نەیات. ویلایەتەکانی تریش لە ناویاندا جۆرجیا، مشیگەن، پێنسڤانیا و ویسکانسن کە دەنگەکانی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان تیایدا زۆر لە یەک نزیکن، ژماردنی دەنگەکان دەستپێناکەن هەتا ڕۆژی هەڵبژاردن.

دوواکەوتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن

لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دەنگدان بە ڕێگای پۆستە، کاربەدەستانی زۆربەی ویلایەتەکان چاوەڕوان دەکەن ژمارەیەکی بێپێشینەی دەنگ بە ڕێگای پۆست بدرێت.

دەرەنجامی ئەمەش رەنگە ئەمەریکاییەکان شەوی هەڵبژاردن بۆیان دەرنەکەوێت ئایا سەرۆک ترامپ یان جێگری سەرۆکی پێشو جۆ بایدن کامیان بۆ چوارساڵی داهاتوو وڵات بەڕێوە دەبەن.

تیمۆنس دەڵێت " ڕەنگە ئێمە لە ڕۆژی سێشەممە 3 ی مانگی 11 ئەمەمان بۆ دەرنەکەوێت."

کاربەدەستانی هەڵبژاردن دەڵێن ئامانجی ئەوان ئەوەیە دڵنیابن لەوەی کە دەنگدەران ئاگاداربن لەو شیانانە و دوودڵ نەبن لە دەنگدان.

ماتیو ماسترسەن ڕاوێژکارێکی باڵای ئاسایشی ئەنتەرنێت لە وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت " سەرنجی ئێمە لەسەر دروستکردنی ورەو هێزی خەڵکی ئەمەریکایە".

هۆشداری لە دژی زانیاری هەڵە

بەشێکی سەرەکی پلانەکە کارکردنە لەگەڵ ویلایەتەکان و کاربەدەستانی خۆجێهی و لەگەڵ کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوەی بەردەوام دەنگدەران ئاگاداربکرێنەوە لەسەر ئەوەی کەی و چۆن زانیاری ڕاستودروست بەدەستبهێنن.

بەتایبەتی کاربەدەستانی CISA هۆشداری دەدەن بە دەنگدەران خۆیان دووربگرن لەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەیەکی سەر بە ڕوسیاوە پێیان بگات بەتایبەتی دەزگا ڕاگەیاندنەکانی وەکو RT و Sputink ی سەر بەڕوسیا و هەروەها Ruptly کە خۆیا بە ئاژانسێی دەنگوباسی نێونەتەوەیی لەقەڵەم دەدات.

بەرپرسی کاروباری دەرەوەی ویلایەتی مشیگەن جۆسلن
بەرپرسی کاروباری دەرەوەی ویلایەتی مشیگەن جۆسلن

بەرپرسی کاروباری دەرەوەی ویلایەتی مشیگەن جۆسلن بێنسن لە میانەی دانیشتنێکی کۆمیتەی ئاسایشی نیشتمانی ئەنجومەنی نوێنەران مانگی ڕابوردوو گوتی هەوڵەکان بۆ گومان دروستکردن لە نێو دەنگدەرانمان لەم ساڵدا لە هەموکات زیاتر لە سەرچاوەی ناوخۆیی و دەروەییشەوە دروستکراون. ئەو گوتی " ئێمە بە هاوکاری وەرزشوانان، ڕێبەرانی بازرگانی و کەسانی تری کاریگەر هەوڵمان داوە ئەو زانیاریانە لەبەردەست نە‌‌هێڵین کە وا دەکات دەنگدەران دژی پرۆسەکە بن."

لە هەمان کاتدا کاربەدەستان لە چەند کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کار دەکەن بۆ دڵنیاکردنەوی دەنگدەران کە بزانن سیستمی دەنگدان پارێزراوە.

کرس لاسکن جێگری سەرۆکی سیستمی ئاسایشی لە سیستمەکانی هەڵبژاردن و سۆفتوێری کە زۆرترین ئامێری دەنگدانی ئەمەریکای دروستکردووە دەڵێت " هەموو ڕاهێنانێکی سەر مێز، هەموو تاقیکردنەوەیەک، هەموو خەملاندنێکی مەترسی و لاوازییەکان ئەوەمان پێدەڵێت کە بەرگرییەکی باشمان هەیە."

ئەو گوتیشی " ئەگەری ئەوەی ئامێری شوێنی دەنگدان جا ئامێری دەنگەدانەکە بێت یان سکانکردن، ئەگەری ئەوەی ئەم شتانە هاکبکرێن بۆ دەستکاریکردنی ئەنجامی نافەرمی زۆر کەمە."

لە کۆتاییدا کاربەدەستانی هەڵبژاردن هیوادەخوازن کە دەنگدەر لەوە تێبگات کە تەنها لەبەرئەوەی لەوانەیە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە دوابکەێت مانای ئەوە نییە هەڵەیەک هەبێت.

ماسترسن لە ئاسایشی نیشتمانی دەڵێت " ئەمە تەنها شێوازی کارکردنی پرۆسەکەیە".

ئەو گوتیشی " کاربەدەستانی هەڵبژاردن تیشک دەخەنە سەر ڕاستی و دروستی ئەنجامەکان، ئەوان پرۆسەی ژماردنەکە ئەنجام دەدەن و تۆش ئەنجامەکان بە متمانەو و ڕاستی بەدەستدەهێنیت هەروەکو چۆن چاوەڕوان دەکەیت."

XS
SM
MD
LG