Accessibility links

ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی ئیماراتی دەڵێت وڵاتەکە بایکۆتی ئیسرائیل هەڵدەوەشێنێتەوە و ڕێگە بە مامەڵە ئابوورییەکان دەدات


ئاژانسی هەواڵی فەرمی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، سەرۆکی ئیمارات بڕیارێکی دەرکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای بایکۆتکردنی ئیسرائیل و ڕێگەدان بە ڕێککەوتنی بازرگانی و دارایی نێوان هەردوو وڵات.

ئاژانسەکە دەڵێت ئامانجی بڕیارەکەی خەلیفە بن زاید ئال نهیان سەرۆکی ئیمارات ئەوەیە کە پشتیوانی لە هاوکاری دووقۆڵی بکات تا بگاتە دامەزراندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.

ئەم ڕاگەیاندنە لە کاتێکدا دێت کە هێڵی ئاسمانی El Al )ئێل ئەل( پلانی هەیە یەکەم گەشتی ئاسمانی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل لە نێوان فڕۆکەخانەی بن گۆریونی تەلئەڤیڤ و ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات ئەنجام بدات. بڕیارە شاندێکی ئیسرائیلی و ڕاوێژکارانی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ، کە هاوکار بوو بۆ ڕێککەوتنەکەی 13 مانگ بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، لەو گەشتەدا بن.

کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن ڕاوێژکاری باڵای ترامپ جێرد کۆشنەر یەکێک دەبێت لەو کاربەدەستانەی ئەمەریکا کە بەشداری گەشتەکە دەکات.

چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت دەستبکرێت بە وتووێژەکان لەسەر وردەکاری کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان و پەیوەندییەکانی بازرگانی و گەشتوو گوزار.

لە ئێستادا هێج پەیوەندییەکی ئاسمانی فەرمی نییە لە نێوان ئیسرائیل و ئیماراتدا، و هێشتا ڕوون نییە ئایا فڕۆکەکەی El Al دەتوانێت بەسەر ئاسمانی عەرەبستانی سعودیەدا بڕوات یان نا، کە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە.

لە مانگی پێنجدا فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی ئیتیهاد لە ئیماراتەوە بۆ تەلئەڤیڤ ڕۆشت بە مەبەستی گەیاندنی پێداویستی بە فەلەستینیەکان هاوکاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ئەوەش یەکەم گەشتی ئاسمانی ئیماراتی بوو بۆ ئیسرائیل بڕوات.

.

XS
SM
MD
LG