Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەستپێکردنی پەیوەندی دیپلۆماسی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات ڕادەگەیەنێت


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب (ئیمارات) و ئیسرائیل قایل بوون بە دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی پێکەوە.

بەم ڕاگەیاندنەش ئیمارات دەبێت بە سێهەم وڵاتی عەرەب و یەکەم وڵاتی کەنداوی عەرەب کە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبێت.لە ئێستادا میسر و ئوردن تەنها وڵاتی عەرەبن کە پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەل ئیسرائیلدا هەیە.

ترامپ لە تویتێکدا بەیاننامە هاوبەشەکەی نێوان هەر سێ وڵات ڕاگەیاندووە، دەڵێت " ساتەوەختێکی ڕاستەقینەی مێژوویی بوو."

لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا هاتووە نوێنەرەکان لە چەند هەفتەی داهاتوودا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی مۆرکردنی ڕێککەوتنەکان لەسەر گەشتی ئاسمانی ڕاستەوخۆ، ئاسایش، پەیوەندییەکان، وزە، گەشتیاری و خزمەتگوزاری تەندروستی.

ئیمارات و ئیسرائیل پلانیشیان هەیە " دەستبەجێ هاوکارییەکانیان لەسەر چارەسەرکردن و دروستکردنی ڤاکسینێکی ڤایرۆسی کرۆنا، فراوان و خێرا بکەن."

سەرۆک ترامپ گوتیشی " لە ئێستادا کە پەیوەندییەکان دروست بوون چاوەڕوان دەکەم وڵاتانی تری عەرەبیش چاو لە ئیمارات بکەن."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپەیۆش لەسەر ڕێککەوتنەکە گوتی " ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ دووان لەو وڵاتانەی جیهان کە هەرە پێشکەوتوون لە بواری تەکنەلۆژیادا، و گوزارشت لە دیدی هاوبەشیان دەکات لە ڕووی تێکەڵبوونی ئابوری هەرێمییەوە."

باڵیۆزی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب بۆ ئەمەریکا ئەلعوتەیبا لەسەر ڕێککەوتنەکە گوتی " ڕاگەیاندنەکەی ئەمڕۆ بۆ ئاساییکردنەوەی تەواوی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب سەرکەوتنێکە بۆ دیپلۆماسی و بۆ هەرێمەکە کە ئاڵۆزییەکان کەم دەکاتەوەو وزەیەکی نوێ بۆ گۆڕانکاری پۆستیڤانە دروست دەکات."

XS
SM
MD
LG