Accessibility links

ئەمەریکا هاوکاری مرۆیی ڕەوانەی لوبنان دەکات


ڕاوێژکاری ئاسیشی نیشتمانی ڕۆبەرت ئۆبراین لە دەڵێت بە پێی ڕێنماییەکانی سەرۆک دانۆڵد ترامپ ئەمەریکا کەرەستەی پێویستی هاوکاری وەکو خۆراک ئاوی خواردنەوەو دەرمان دەنێرێت بۆ لوبنان.

لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت جگە لەمانە ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی لوبنان بۆ هاوکاری زیاتری تەندروستی و مرۆیی. ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێونەتەوەیی تیمی بەرپەرچدانەوەی کارەسات ڕەوانەی لوبنان دەکات بۆ هاوکاریکردن لە ڕێکخستن و گەیاندنی هاوکارییەکان.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پۆمپەیۆ ڕایگەیاند بەڕێوەبەرایەتی ترامپ لە سەرەتاوە بەڵێنی زیاتر لە 17 ملیۆن دۆلاری هاوکاری بۆ ئەو وڵاتە داوە و " بەردەوام دەبین لە هاوکاری کردنی خەڵکی لوبنان لە کاتێکدا لەو کارەساتە دێنەوە سەرخۆ."

جگە لە دابینکردنی هاوکاری پۆمپەیۆ گوتیشی ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتانی تردا بەشدار دەبێت لە داواکارییەکان بۆ " لێکۆڵینەوەیەکی سەرتاسەری و شەفاف" لە هۆکاری ئەو تەقینەوەیە."

ڕۆژی هەینی کارمەندانی بەهاناچوونی نەتەوە یەکگرتووەکان ژێر داروپەردوی باڵەخانە ڕووخاوەکان دەگەڕان بۆ دۆزینەوەی زیندوماوان. تیمەکانی بەهاناچوونی فەرەنسا و ڕوسیاش بە سەگەکانیانەوە بەردەوام بوون لە گەڕان.

کاربەدەستانی لوبنان دەڵێن ڕووداوەکەی ڕۆژی سێشەممە کە زیاتر لە 150 کەس تیایدا کوژران و زیاد لە 5 هەزار کەسیش برینداربوون بەهۆی 2،750 تۆن ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆم بووە کە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابوردوو لە عەمبارێکی بەندەری بەیروت هەڵگیرابوو. بەهۆی ئەو ڕوداوە زیاد لە 300 هەزار کەس ئاوارە بوون.

XS
SM
MD
LG