Accessibility links

عێراق پێداچوونەوە بە ماددە مەترسیدارەکانی نێو کۆگاکانی دەکات پاش تەقینەوەکەی لوبنان


کاربەدەستانی عێراق بڕیاریان داوە پێداچوونەوە بەسەر هەمو کەرەستە مەترسیدارەکانی کە لە عەمبار و کۆگاکانی بەندەرەکان و فڕۆکەخانەکاندا هەیە بکەن ئەمەش پاش تەقینەوەکەی ڕۆژی سێشەممەی لوبنان کە بەهۆی ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆم بوو کە لە عەمبارێکی بەندەری بەیروتی پایتەخت هەڵگیرابوو.

لیژنەیەکی کە بەپەلە دامەزراووەو بە سەرۆکایەتی عومەر عەدنان ئەلوائیلی سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەردنی خاڵە سنورییەکانی عێراق دەڵێت ئەرکی ئەنجامدانی ئەو کارەی پێسپێردراوە و 72 کاتژمێر بەخۆی دەدات بۆ تەواوکردنی کارەکە.

ئەو دەستەیە دەڵێت ئامانجەکەیان ئەوەیە دڵنیابن ئەوەی کە لە لوبنان ڕوویدا لە عێراق ڕوونەداتەوە.

ئەو تەقینەوە گەورەیەی کە ڕۆژی سێشەممە سەرانسەری پایتەختی لوبنانی هەژاند بەهۆی تەقینەوەی 2،750 تۆن ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆم, کە یەکسانە بە نزیکەی 1100 تۆن TNT, بوو کە چەندین ساڵە لەو بەندەرەی شارەکە عەمبار کرابوو.

کاربەدەستێکی ئاسایش بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت گوتویەتی ئەو ماددەیە لە ساڵی 2013 لە ناو کەشتییەکی کە ئاڵای مۆلدۆڤیای پێوەبووە و لە گورجستانەوە بۆ مۆزەمبیق دەڕۆشت گیراوە.

چەند کاربەدەستێکی ئاسایشیش ڕایانگەیاند کاربەدەستانی بەندەرەکە ئەو ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆمەیان لەیەکێک لە عەمبارەکانی کە دیوارەکەی درزی تێدابوو هەڵگرت.

کاربەدەستانی ئاسایش لە ساڵی 2019 لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد پاش ئەوەی بە پێی ڕاپۆرتان بۆنێکی نامۆی لێ دەهات و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بڕیاردرا ئەو ماددە مەترسیدارە لەوێ لابدرێت بەڵام هیچ هەنگاوێک نەننرا.

لە ئێستادا توڕەبوونێکی زۆر لە لوبنان سەریهەڵداوە لەسەر ئەوەی چۆن بۆ ماوەیەکی ئەوەندە زۆر ئەو بڕە زۆرە ماددە مەترسیدارە لە ناوجەرگەی پایتەختدا هەڵگیراوە.

ئەو ڕووداوەی بەیروت لە کاتێکدایە ماوەیەکە خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە لوبنان بەرەدەوامە دژ بە خراپی باری ئابوری و سیستمی سیاسی وڵاتەکە.

عێراقیش لە ماوەی ساڵی ڕابوردوودا چەندین خۆپیشاندانی دژ بە سیستمی سیاسی و گەندەڵی بەخۆوە بینیوە.

گەرمای هاوینی عێراق مەترسییەکانی ڕووداوێکی لەوجۆرە زیاتر دەکات ئەگەر ماددەی مەترسیدار بە خراپی هەڵگیرابێت.

تەقینەوەی عەمباری چەک لە ناوچەی دانیشتوان لە ڕابوردوودا لە عێراق ڕووداوە بەڵام ئەم جۆرە ڕووداوانە زۆربەی جار بەهۆی شەڕ پشتگوێ خراون.

XS
SM
MD
LG