Accessibility links

سەرۆک ترامپ هەوڵی قەدەغەکردنی تیک تۆک دەدات


سەرۆک دانۆڵد ترامپ دەڵێت هەوڵ دەدات کارەکانی تۆڕی تیک تۆک لە ئەمەریکا قەدەغە بکات.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی هەینی گوتی دەتوانێت هەتا ڕۆژی شەممە بڕیار بدات بۆ ڕاگرتنی کارەکانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیەی ڤیدیۆی تیادا بڵاو دەکرێتەوە.

لە میانەی گەشتەکەیدا بۆ فلۆریدا بە پەیامنێرانی گوت " سەبارەت بە تیک تۆک ئێمە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان قەدەغەی دەکەین."

ئەو گوتی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی بەکاردەهێنێت بۆ قەدەغەکردنی ئەو بەرنامەیە لە ئەمەریکا.

سەرۆک ترامپ پشتیوانی لەو ڕێککەوتنە ناکات کە ڕێگە بە کۆمپانیایەکی ئەمەریکای بدرێت کارەکانی تیک تۆک لە ئەمەریکا بکڕێت.

ئەو بەرنامەیەی کە لە تەلەفۆندا دادەنرێت لە ئەمەریکا و سەرانسەری جیهاندا زۆر بەناوبانگە. نزیکەی 2 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا بەکاری دەهێنن و 165 ملیۆن لەوانە لە ئەمەریکان.

ئەو بەرنامەیە نەک تەنها ڤیدیۆی کورت دروست دەکات بەڵکو هەڵوێستیش دەردەبڕێت لە مشتومڕە سیاسییەکانی هەر لە نایەکسانی ڕەگەزییەوە بگرە هەتا دەگاتە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا.

کاربەدەستانی ئەمەریکا نیگەرانییان لەوە هەیە تیک تۆک ڕەنگە هەڕەشەی ئاسایشی دروست بکات و لەوە دەترسن کۆمپانیاکە زانیارییەکانی بەکارهێنەر بدات بە حکومەتی چین. هەرچەندە کۆمپانیای ByteDance, کە خاوەنی تیک تۆکە گوتویەتی هیچ زانیارییەکی بەکارهێنەر نادات بە حکومەتی چین و داتاکانی بەکارهێنەرانی ئەمەریکا تەنها لە ئەمەریکا و سینگاپور هەڵدەگیرێت. بەم دواییانە تیک تۆک بەڕێوەبەری پێشوی دزنی کێڤن مایەری بۆ بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەی هەڵبژارد ئەم هەنگاوەش بە هەوڵێک دەبینرێت بۆ خۆ دوورخستنەوەی لە بێژینگ.

وەزیری خەزێنە ستیڤ مونشن لە سەرەتای ئەم هەفتەیە گوتی کۆمیتەی سەرمایەگوزاری بیانی لە ئەمەریکا، کە گروپێکە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەوە بەڕێوەدەبرێت، لەم هەفتەیەدا پێداچوونەوە بە تیک تۆکدا دەکات.

XS
SM
MD
LG