Accessibility links

دادگایەکی تورکیا برازاکەی ساڵح موسلیم ئازاد دەکات


ئاژانسی فەرمی هەواڵی ئانادۆڵو ڕایگەیاند دادگایەکی تورکیا رۆژی دوو شەممە "دالیا مەحمود موسلیم" ی برازای سیاسەتمەداری ناوداری کوردی سوریا ساڵح موسلیم ئازادکرد .

خانم دالیا مەحمود لە 15 ی ئەم مانگەدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەستگیرکرا.

مەحمود موسلیمی باوکی دالیا دەڵێت کچەکەی لە هێزەکانی یەپەژە بووە کە تورکیا بە تیرۆریست لەقەڵەمی دەدات.

ئاژانسی ئانادۆڵو دەشڵێت یەکەم جار ئۆفیسی داواکار لە شاری مێرسین لە باشوری تورکیا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دالیا کرد بەرلەوەی لەلایەن دادگاکەوە ئازادبکرێت.

خانەوادەی دالیا موسلیم دەسەڵاتدارانی کوردی عێراقیان تۆمەتبارکرد بە رادەستکردنی دالیا بە حکومەتی تورکیا دوای ئەوەی شەش مانگ لەمەوبەر دالیا بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراقی کرد . دەسەڵاتداران لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان نکوڵیان لەو تۆمەتەی خانەوادەی دالیا کرد.

جێی ئاماژەیە سیاسەتمەداری کورد ساڵح موسلیم لە ساڵی 2018 دا بۆ ماوەیەکی کەم لە پراگ دەستبەسەرکرا و تورکیا داوای رادەستکردنەوەی لە دەسەڵاتدارانی پراگ کرد بە پشتبەستن بەو فەرمانی دەستگیرکردنەی کە ئەنکەرە دوو ساڵ پێشتر بۆ ساڵح موسلیمی دەرکردبوو، بە تۆمەتی تێوەگلانی لەو هێرشەی لە مانگی دووی ساڵی 2016 لە پایتەختی تورکیا ئەنجامدرا و تێدا 29 کەس کوژران. ساڵح موسلم ڕەتیکردەوە دەستی لەو هێرشەدا هەبووبێت.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG