Accessibility links

بە زەبری گازی فرمێسکڕژێن بڵاوە بە خۆپیشاندەرانی پۆرتلاند دەکرێت


هەزاران خۆپیشاندەر لە دەرەوەی دادگای فیدراڵی شاری پۆرتلاندی ویلایەتی ئۆریگەن شەوی هەینی لەسەر شەممە کۆبونەوە تۆپتەرەقەیان دەگرتە باڵەخانەکە لە کاتێکدا گازی فرمێسکڕژێن لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانەوە دژیان بەکار هات.

خۆپیشاندانەکە بەردەوام بوو هەتا ئەو کاتەی لە نزیکەی کاتژمێر 2:30 ی شەو هێزە فیدراڵییەکان چوونە ناوچەکەو شەقامەکەیان گرت و بە گازی فرمێسک ڕژێن لە مەودایەکی نزیکەوەی بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد. هەروەها ئەو ئاگرەشیان کوژاندەوە کە لە شەقامی بەردەم دادگاکە بەردرابوو.

هێزەکانی پاراستنی فیدارڵی ڕایانگەیاند ئەو گردبوونەوەیە نایاسایی بووە و دەڵێن چەند پۆلیسێکیش بریندار بوون.

پۆلیسی پۆرتلاند دەڵێت کاتێک خەڵکەکە بڵاوەیان پێکرا لە شوێنێکی نزیک گردبوونەوەکە کەسێک دۆزرایەوە کە بە چەقۆ لێی درابوو. بریندارەکە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراو گومانبارەکەش دەستگیر کرا.

هەر لە پاش مردنی جۆرج فلۆید نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر لە شاری مینیاپلسی میناسۆتا، نزیکەی هەمو شەوێک خۆپیشاندان لە شاری پۆرتلاند ڕوودەدات، زۆربەی جاریش توندوتیژی تێدەکەوێت.

سەرۆک دانۆڵد ترامپ دەڵێت ئەو هێزی فیدڕاڵی ڕەوانەی ئەو شارە کردووە تا کۆتایی بە نائارامییەکان بهێنن بەڵام کاربەدەستانی خۆجێهی دەڵێن ئەوان بارودۆخەکەیان خراپتر کردووە.

XS
SM
MD
LG