Accessibility links

بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرۆکی ئێران داوای قەدەغەکردنی ئاهەنگەکان و کۆڕو کۆبونەوە دەکات


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی شەممە داوای کرد ئەو مەڕاسیمانەی کە دەبنە هۆی گردبوونەوەی خەڵکی زۆر وەکو ئاهەنگی هاوسەرگیری قەدەغە بکرێت بەمەبەستی کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام سوربوو لەسەر ئەوەی پێویستە بازاڕو کاردارییەکان بەکراوەیی بمێننەوە.

ماوەیەکی کورت پاش وتارە تەلەفیزیۆنیەکەی ڕۆحانی، کاربەدەستێکی پۆلیس لە تاران داخستنی هەمو هۆڵەکانی ئاهەنگ و مەڕاسیمی پرسەی لە پایتەخت هەتا کاتێکی نادیار ڕاگەیاند.

ئێران لە ناوەڕاستی مانگی چوارەوە هێواش هێواش کۆتوبەندەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆی کەمکردۆتەوە، بەڵام بەمدواییانە بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی پەتاکەی بە شێوەیەکی بەرچاو ڕاگەیاند.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران سیما سادات لاری لە ڕاگەیاندنێکیدا لەسەر تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێران گوتی ڕۆژی شەممە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابوردوودا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 188 کەس. بەمەش کۆی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆی کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 12 هەزارو 635 کەس لە کاتێکدا زیاتر لە 255 هەزار کەس توشی ڤایرۆسەکەبوون.

سەرۆک کۆماری وڵاتەکەش گوتی " پێویستە ئێمە ئاهەنگەکان و کۆبوونەوەکان لە تەواوی وڵاتەکە ڕابگرین جا ناخۆشی بێت یان ئاهەنگی هاوسەرگیری." ئەو گوتیشی " ئێستا کاتی فیستیڤاڵ و سیمینار نییە تەنانەت ئەو تاقیکردنەوانەش کە لە زانکۆکان دەکرێت پێویستە ڕابگیرێن."

کاربەدەستانی ئێران بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆرۆنا لە وڵاتەکە دەخەنە ئەستۆی کۆبونەوەی خەڵکی. ڕاوێژکارێکی هێزی جێبەجێکردنی کارەکانی پەیوەست بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هۆشداری دەدات ئەگەر هەنگاوی پێویست نەگیرێتەبەر ئەوا بۆی هەیە 50 بۆ 60 هەزار کەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە لە ئێران گیانیان لەدەست بدەن.

بە پێی ئاژانسی دەنگوباسی ISNA ی نیمچە فەرمی ئێران حەسەن قەناتی هۆشداری داوە " شەپۆلی دووهەمی ڤایرۆسەکە کە لە پایزەوە دەستپێدەکات زۆر کوشندەتر دەبێت."

لە کاتێکدا ئێران هەوڵی ڕاگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤد19 دەدات، کاربەدەستانی ئێرانی نیگەرانی ئەوەشن ڕەنگە هەنگاوەکان باری ئابوری وڵاتەکە خراپتر بکات کە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە پەکی کەوتووە.

ڕۆحانی دەڵێت " ئاسانترین بژاردە داخستنی هەمو شوێنێکە، بەڵام ئەگەر وا بکەین خەڵکی بەهۆی هەژاری و بێکارییەوە دەڕژێنە سەر شەقامەکان."

XS
SM
MD
LG