Accessibility links

کاردانەوەکان لەسەر هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان


لە ناوەڕاستی مانگی شەش تورکیا دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنێکی نوێی دژ بە پەکەکە لە ناو خاکی عێراقدا. جگە لەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی دەیان شوێنیان کردە ئامانج هێزە تایبەتەکانی تورکیا سنوری خاکی هەرێمی کوردستانیشیان بەزاند.

لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە نوێیەی تورکیا دەیان گوندنشینی هەرێمی کوردستان کوژراو بریندار بوون.

حکومەتی عێراق بانگی باڵیۆزی تورکیای لە وڵاتەکەدا کرد و ناڕەزایی توندی لەمەڕ ئەو هێرشانە دەربڕی.

دەمڕاستی ئەنجومەنی ئاکەپە لە دیاربەکر، محەمەد تار ئاکار بە ئاشکرایی دەڵێت تورکیا ڕێگە نادات گروپەکانی وەکو پەکەکە و یەپەگە لە سوریاو لە عێراق پێکەوە ئاسایشی تورکیا بخەنە مەترسییەوە.

دیار دەنیز گوتەبێژی هێزەکانی پاراستنی گەل( باڵای چەکداری پەکەکە)ش دەڵێت هەرچەندە ئاستی چەکدارییان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هاوسەنگ نییە بەڵام دەڵێت "ئێمەش سود لە سروشتی کوردستان و جوگرافیای دەبینین و بەرخۆدانی ئێمە بەردەوامە لە دژی داگیرکاری باشوری کوردستان."

سەرەڕای بانگکردنی باڵیۆزی تورکیاش بۆ دەربڕینی ناڕەزایی ئۆپەراسیۆنەکان ڕانەگیران، ڕاوێژکاری سیاسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بورهاندین ئیسحاق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "عێراق سکاڵای خۆی دژ بە تورکیا دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکانیش نەتوانێت تورکیا ڕاگرێت ئەوا عێراق ناچار دەبێت ڕووبکاتە جیهانی عەرەبی و لایەنی تر بۆ کۆتاییهێنان بە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکە."

لە کاتێکی وەها ئاڵۆزدا هەموان چاوەڕوانی ئەمەریکا بوون هەڵوێستی خۆی لەو بارەیەوە دەرببڕێت. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە لە نیگەرانییەکانی عێراق تێدەگات و دڵگرانە بە کوشتنی خەڵکی بێتاوانی سڤیل.

ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی کردە سەر هاوکاری نێوان تورکیا، عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان تا پێکەوە کار بکەن بۆ شکستپێدانی پەکەکە و گوتی "ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەیە ئاسانکاری و پشتیوانی بکات لە هەماهەنگیـیەک پـێیبگەن لەسەر ئەم بابەتە، چونکە هێشتا بڕوامان وایە چارەسەریـیە ئاسایشیـیە بەردەوامەکان تەنیا بە ڕێگەی هاوکاری دەستەبەردەبن."

لە ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا دەشڵێت "ناوچەکانی وەک شەنگال پـێویستە لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوی حکومەتی فیدراڵ و هێزە ئاسایشیـیەکانی بن، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش هەتا پەکەکە و ملیتان و گروپی دیکە نەتوانن بانگەشە بۆ بەرنامەکانیان بکەن. ئەم ناسەقامگیریـیە وەهادەکات سەدان هەزار لە قوربانیانی جینۆسایدی دەستی داعش نەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."

توکیا دەخوازێت پەکەکە چەک دانێت و بەشداری پرۆسەی سیاسی تورکیا بکات، بەڵام ڕێبەرانی هێزی چەکداری پەکەکە پێیان وایە بە دانانی چەک بزوتنەوەکەیان ئیتر نامێنێت.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:06:53 0:00
Direct link


XS
SM
MD
LG