Accessibility links

ئێران بەستنی دەمامک دەکاتە زۆرەملێ


سەرۆک کۆماری ئێران حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ئەو کەسانەی کە ئامادەنین دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەمامکببەستن ئەوا پێویستە ڕێگەیان پێنەدرێت بڕۆنە شوێنە گشتیەکان و دامودەزگا خزمەتگوزارییەکان. ڕۆحانی ئەم قسانەی لەکاتێکدا کرد کە حکومەتەکەی هەوڵ دەدات بەکارهێنانی دەمامک بکاتە زۆرملێ.

ئەو بڕیارە نوێیە لە نیوەشەوی شەممە لەسەر یەکشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، وەکو هەوڵێک بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانیان بەهۆی ڤایرۆسەکە.

بەکارهێنانی دەمامک لە نێو دەزگا گواستنەوە گشتییەکان لە ئێران لە ئێستادا بە زۆرە بەڵام ئەنجومەنی شارەوانی تاران دانی بەوەداناوە ئەو فەرمانە بە شێوەیەکی گشتی لە نێو پاس و شەمەندەفەرەکاندا پشتگوێ دەخرێت.

لە میانەی قسەکانیدا بۆ ئەو کۆمیتەیەی کە بەرپرسە لە هەوڵەکانی ئێران بۆ بنبڕکردنی ڤایرۆسەکە، ڕۆحانی گوتی پێویستە ئەوە مسۆگەر بکرێت کە فەرمانە نوێیەکە جێبەجێ بکرێت و ڕێزی لێبگیرێت. ئەو گوتی "لە دامودەزگا حکومییەکاندا جێبەجێکردنی ئاسانترە ئێمە دەتوانین ڕێگە نەدەین کەس بەبێ دەمامک بێتە ژوورەوە."

لە کۆتایی مانگی ڕابوردۆوە حکومەتی ئێران هەڵمەتی بەستنی دەمامک ئەنجام دەدات و کاربەدەستان و تەنانەت بێژەرەکانی تەلەفیزۆنی دەوڵەتیش لەبەر کامێرا دەمامک دەبەستن.

بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەک بۆ کەمبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکەدا نییە. خانمەگوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی سیما سادات لاری گوتی لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابوردوودا 148 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و ئەمەش بە ئاستەم کەمترە لە 154 حاڵەتی مردنی ڕۆژی هەینی.

XS
SM
MD
LG