Accessibility links

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە باشور و ڕۆژئاوای ئەمەریکا زیاد دەکات و جێگری سەرۆکیش مەڕاسیمەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن لەو ویلایەتانە ڕادەگرێت


ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ژمارەیەک ویلایەتی ئەمەریکا هەتا دێت زیاتر دەبێت و ڕۆژی شەممە ڕێژەی توشبووانی پەتاکە لە پێنج ویلایەتدا گەیشتە بەرزترین ئاست لە ڕۆژێکدا. جێگری سەرۆک مایک پێنس بەرنامەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی لە ویلایەتەکانی باشور و ڕۆژئاوای ئەمەریکا پوچەڵ کردەوە لە کاتێکدا بڵاوبوونەوەی پەتاکە کردنەوەی شوێنەگشتییەکانی لەو ویلایەتاندا ڕاگرتووە.

بە پێی ئامارەکانی ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز ڕۆژی شەممە ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری ئەمەریکا 2 ملیۆن و نیوی تێڕاند. هەتا ئێستاش زیاتر لە 125 هەزار ئەمەریکایی بەهۆی ڤایرۆسی کۆڤد19 گیانیان لەدەستداوە کە ئەمەش لە تەواوی وڵاتانی جیهان زیاترە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ویلایەتی فلۆریدا 9 هەزارو 585 حاڵەتی نوێی ڕاگەیاند و ئەو ژمارەیە هی 24 کاتژمێری ڕابوردوو بوو، لە کاتێکدا ویلایەتی ئەریزۆناش 3 هەزار و 591 حاڵەتی نوێی ڕاگەیاند.

کاربەدەستانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک ترامپ بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە مایک پێنس هەمو بۆنەکانی هەفتەی داهاتووی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوەی سەرۆک ترامپی لە ویلایەتەکانی فلۆریدا و ئەریزۆنا بەهۆی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە پوچەڵکردۆتەوە.

هاوکات ڤایرۆسی کۆرۆنالە ویلایەتی نێڤادا، کارۆلاینای باشور و جۆرجیا هەتا دێت زیاتر تەشەنەدەکات.

لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابوردۆوە ڕۆژانە زیاتر لە 40 هەزار حاڵەتی توشبوون لە سەرانسەری ئەمەریکا ڕادەگەیەندرێت.

XS
SM
MD
LG