ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە ڕێبەرایەتی شەڕی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات دەڵێت پێویستی بە 31 ملیارو 300 ملیۆن دۆلار هەیە لە ماوەی 12 مانگی داهاتوودا بۆ پێشخستنی تاقیکردنەوەکان، چارەسەری و بەرهەمهێنانی ڤاکسین.
ڕێکخراوەکە دەڵێت 3 ملیار و 4 سەد ملیۆن هەتا ئێستا کۆکراوەتەوە و هێشتا 27 ملیارو 9 سەد ملیۆن دۆلار ماوە کە 13 ملیار و 7 سەد ملیۆنی ئەو بڕە پارەیە دەستبەجێ پێویستە.
داواکارییەکەی WHO لە کاتێکدایە هەوڵ دەدات 500 ملیۆن تاقیکردنەوە و 245 ملیۆن کۆرسی چارەسەرکردن هەتا ناوەڕاستی ساڵی 2021 بگەیەنێت بە وڵاتانی هەژار و مامناوندی.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەگەڵ ڕێکخراوە هاوپەیمانەکانی دروستکردنی دەرمان، دابین کردنی دارایی و بڵاکردنەوەی کەرەستەی پێویست سەنتەرێکیان بە ناوی ACT-Acceleratorپێکهێناوە بۆ خێراکردنی توێژینەوەو چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری کۆڤد19.
سەبارەت بە کارەکانی ئەو نێوەندەی کە لە مانگی 4 بۆ خێراکردنی کارەکان دامەزرا، WHO و گروپە تەندروستییە جیهانییەکان دەڵێن پەتای کۆرۆنا هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی ملیۆنان کەس و زیان گەیاندن بە ئابوری لە جیهاندا.
ڕێکخراوەکە دەڵێت تێچوونی تەواوی کارەکانی ACT-Accelerator زۆر لەو پارەیە کەمترە کە سندوقی بانکی جیهانی دەڵێت مانگانە ئابوری جیهانی لەدەستیدەدات بەهۆی پەتای کۆرۆناوە.