Accessibility links

بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی کۆمپانیایەکی جوانکاری ناوی یەکێک لە کرێمەکانی سپیکردنەوی پێست دەگۆڕێت


کۆمپانیای یونیلڤەر بۆ کەرەستەی جوانکاری نێوی یەکێک لە کرێمە بەناوبانگەکانی سپیکردنەوەی پێست دەگۆڕێت چونکە پێیان وایە ناوەکە ڕەگەزپەرستی هان دەدات.

سەرۆکی کۆمپانیاکە ڕایگەیاند لە نێوەندی هەوڵەکانی بزوتنەوەی ژیانی ڕەشپێستەکان گرنگە، کۆمپانیاکە وشەی فێر کە لێرەدا بە مانای کاڵ و سپی هاتووە، لە کرێمی فێر ئاند لەڤلی (Fair & Lovely) دەکاتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بیرۆکەیەی کە تەنها پێستی سپی جوانە.

ئەم کرێمە بۆ سپیکردنەوەی پێست لە بازاڕەکانی باشوری ئاسیا زۆر بەناوبانگە بەڵام لە پاش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی بزوتنەوەی ژیانی ڕەشپێستەکان گرنگە، مشتومڕ لەسەر ڕیکلامکردن بۆ کرێمەکە دروست بوو.

سونی جەین سەرۆکی کۆمپانیای جوانکاری یونیلڤەر ڕایگەیاند " ئێمە دان بەوەدا دەنێین وشەکانی وەکو سپی و کاڵ بوونەتە بیرۆکەی جوانی کە ئێمە پێمان وایە ئەمە ڕاست نییە، بۆیە دەمانەوێت ئەم بیرۆکانە بگۆڕین."

یەکێک لەو وڵاتانەی کە کرێمەکەی تیادا زۆر بەناوبانگە هنستانە کە تەنانەت ئەستێرەکانی بۆلیوودیش چەندین جار ڕیکلامیان بۆ کردووە.

لە وێنەی ڕیکلامەکەیدا دوو دەموچاوە کە یەکێکیان پێستێکی تۆخە و ئەوەی تریان کاڵە گوایە پاش بەکارهێنانی بەو شێوەیە کاڵ دەبیتەوە.

لە سەرەتای ئەم مانگەش کۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسن ڕایگەیاند فڕۆشتنی کرێمەکانی بۆ سپیکردنەوەی پێست لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەگرێت.

XS
SM
MD
LG