Accessibility links

لێکۆڵینەوەیەکی پاکستان دەریدەخات لەسەدا 30 ی فڕۆکەوانەکانی وڵاتەکە مۆڵەتی ساختەیان هەیە


پاکستان دەستیکردووە بە سزادانی ژمارەیەک فڕۆکەوانی هێڵە بازرگانییەکان، ڕۆژێک پاش ئەوەی لە لێکۆڵینەوەیەکی فەرمیدا دەرکەوت کە نزیکەی %30 فڕۆکەوانەکانی وڵاتەکە " مۆڵەتی مشتومڕلەسەر" و " ساختە" یان هەیە.

وەزیری گەشتە ئاسمانییەکان غوڵام سەروەر خان لە میانەی دانیشتنێکی پەرلەماندا بە یاسادانەرانی ڕاگەیاند زیاتر لە 860 فڕۆکەوانی لە ئێستادا لەگەڵ هێڵە بازرگانییە ناوخۆییەکاندا کاردەکەن، لە ناویاندا هێڵی ئاسمانی نێونەتەوەیی پاکستان (PIA).

خان گوتی 262 فڕۆکەوان خۆیان نەچوون تاقیکردنەوەکانی وەرگرتنی مۆڵەتەکەیان ئەنجام بدەن بەڵکو پارەیان بە خەڵکی تر داوەو لەبەری ئەوان تاقیکردنەوەکەیان کردووە. کاتێک باسی ناڕێکوپێکییەکان و گەندەڵییەکانی PIA کرد ئەو گوتیشی " هەندێکیان " هیچ ئەزمونیان نییە" و بۆ ئەم کارانەش حکومەتەکانی پێشوتری تاوانبار کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە هێڵی PIA یش ڕاگەیاندنێکی دەرکرد و گوتی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی حکومەت نزیکەی 150 فڕۆکەوانی کۆپانیاکە لە کارەکانیان دەردەکات و سزا دەدات.

هێڵی ئاسمانی نێونەتەوەیی پاکستان دانیشی بەوەدا ناوە بابەتی مۆڵەتی ساختە تەنها کێشەی PIA نییە بەڵکو لە تەواوی پیشەسازی فڕۆکەوانی پاکستانیدا بڵاوبۆتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە خان باسی لەوەش کرد ژمارەیەک لە فڕۆکەوانەکان دوو مۆلەتیان هەیە.

ئەم لێکۆڵینەوەیەش لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی 22 ی مانگی 5 لە شاری کەراچی، دەستیپێکرد کە 97 کەس تیایدا گیانیان لەدەستدا.

ئەو فڕۆکەیە لە شاری لاهورەوە بەرەو کەراچی دەڕۆشت کاتێک بەرلەوەی لە فڕۆکەخانەی کەراچی بنیشتێتەوە کەوت بەسەر گەڕێکێکی پڕ لە دانیشتوان لە نزیک فڕۆکەخانەکە. لەو فڕۆکەیەدا تەنها دوو سەرنشین ڕزگاریان بوو.

بە پێی لێکۆڵینەوەکان ڕووداوەکە بەهۆی هەڵەی مرۆییەوە بووە و ئاماژە بەوە کراوە فڕۆکەوانەکان و کاربەدەستانیش لە نێوەندی کۆنترۆڵکردنی هێڵە ئاسمانییەکان بە پێی ڕێنماییەکان نەڕۆشتوون.

ڕەخنەگران ستایشی حکومەت دەکەن بۆ ئەوەی بۆ یەکەم جار ئەنجامی لێکۆڵێنەوەیەک لەسەر کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەو و بابەتەکانی پەیوەست بە پیشەسازی ئاسمانی بە ئاشکرایی ڕاگەیەندراوە.

لە ماوەی دە ساڵی ڕابوردوودا دەیان فڕۆکەی پاکستانی کەوتۆتە خوارەوە و بەڵێنی لێکۆڵینەوەکردن دراوە بەڵام هیچ کاتێک ئەنجامی لێكۆڵینەوەکان ئاشکرا نەکراون.

ڕەوف حەسەن چاودێرێکی سیاسی بنکە لە ئیسلامئاباد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئەنجامە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوە لەسەر کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی ئەم دواییانە جێگای سەرسوڕمانە، بە سیاسی کردن و بە تاوانبارکردنی دامەزراوە حکومیەکان دەبێتە هۆی ڕووخاندنیان." ئەو گوتیشی " فڕۆکەوانەکان بە بڕوانامەی ساختەو مۆڵەتی ساختەوە فڕۆکەوانی بکەن. ئەمە شتێکی زۆر شەرمەزارییە بۆ تەواوی دامەزراوەکە."


XS
SM
MD
LG