Accessibility links

ئاماری نوێی پەتای کۆرۆنا لە ئێران


وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایدەگەیەنێت 116 کەس بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا و جەختیش دەکاتەوە لەوەی پێویستە ئەم قۆناغەی پەتای کۆرۆنا تێبپەڕێنێت.

لەوەتای ڕاگەیاندنی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئێراندا تا ئێستا 9،623 کەس گیانیان لەدەستداوە بەپێی لێدوانەکەی ڕۆژی یەکشەممەی سیما سادات لاری.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران دەڵێت 2368 کەسی تریش توشی پەتای کۆرۆنا بوون و تا ئێستاش لە ئێراندا زیاتر لە 204 هەزارو 952 کەس توشی کۆڤد 19 بوون.

بۆ یەکەم جار ئێران لە سەرەتای مانگی 5دا بوو کەمترین ڕێژەی مردن و توشبونی بە کۆرۆنا تۆمارکرد، بەڵام لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ژمارەکان جارێکی تر بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بوونەتەوە و ئەمەش مەترسی شەپۆلی دووهەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای زیاتر کردووە، هەرچەندە وەزیری تەندروستی ئێران ڕایگەیاندوە هێشتا پەتای کۆرۆنا لە ئێران لە قۆناغی یەکەمیدایە.

ئاژانسی دەنگوباسی قوتابیانی ئێرانی، لە زاری سەعید نمەکییەوە دەڵێت "تەنانەت لە هەندێک لە هەرێمەکانی ئێراندا کە وەهامان دەزانی شەپۆلی یەکەمی پەتاکەمان تێپەڕاندووە، هێشتا بە تەواوەتی شەپۆلی یەکەمی ئەم پەتایەمان تێنەپەڕاندووە."

سیما سادات لاری، لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە هەرێمەکانی خوزستان و کرماشان و هەرێمیکی باشوری ئێران لە خانەی ڕەنگی سوردان.

پسپۆڕان و چاودێریش لە ناو و لە دەرەوەی ئێرانیش بە گومانەوە لە ئامارەکانی ئێران دەڕوانن و دەڵێن ژمارەکان زۆر لەوە زیاترن کە دەسەڵاتدارانی ئێرانی بڵاویان دەکەنەوە.

XS
SM
MD
LG