Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان لە تاران لەگەڵ هاوشانە ئێرانییەکەیدا کۆدەبێتەوە


وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان لە تاران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێراندا کۆدەبێتەوە لە نێوەندی ئەو پشێویانەی لە نێوان ئەم دوو وڵاتە دراوسێیەدا هەیە لەسەر دۆسێی پەنابەرانی ئەفغانی لە ئێراندا.

محەمەد حەنیف ئەتمەر، بە سەردانێکی دوو ڕۆژی گەیشتۆتە تاران بۆ باسکردنی چۆنییەتی ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ڕووداوی خنکانی پەنابەرانی ئەفغانی لەسەر سنوری ئێران - ئەفغانستان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان لە ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی شەممەیدا زانیاری زیاتری نەداوە لەسەر سەردانەکە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "ئەتمەر سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەفغانستان دەکات کە پێکهاتووە لە گەورە کاربەدەستانی سیاسی و ئابوری و ئاسایشی ئەفغانستان."

کۆبوونەوەکانی ڕۆژی یەکشەممەی نێوان ئەتمەر و محەمەد جەواد زەریف، هاوکاتی ئەو پشێوی پەیوەندیانەی نێوان هەردوو وڵاتە لەسەر دۆسێی خنکانی دەیان پەنابەری ئەفغانی لە ڕوبارێکی ناوچە سنوریەکاندا.

ئێران دەڵێت ئەو پەنابەرانەی خنکاون، ویستویانە بە شێوەیەکی نایاسایی لە سنور بپەڕنەوە و دەشڵێت ئەو ڕووداوە لەناو خاکی ئەفغانستاندا ڕوویداوە.

بەڵام کاربەدەستانی ئەفغانی دەڵێن پاسەوانە سنورییەکانی ئێران 55 پەنابەری ئەفغانییان ناچارکردووە بە مەلە لە ڕوباری حەریر بپەڕنەوە و بڕۆنەوە بۆ وڵاتی خۆیان.

لەو ڕووداوەی سەرەتای مانگی پێنجی ڕابردوودا 18 تەرم دۆزراونەتەوە و هەندێکیان نیشانەی لێدان و ئەشکەنجەدانیان پێوە بووە و هێشتاش ژمارەیەکی زۆری ئەو پەنابەرانە بێسەروشوێنن. ئەم ڕووداوەش توڕەیی و ناڕەزایی دەربڕێنێکی زۆری لە ئەفغانستاندا هێنایە ئاراوە.

ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان فرمانی لێکۆڵینەوەی لەو ڕووداوە داوە و ئەمەریکاش بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو بڕیارەی سەرۆکی ئەفغانستان کردووە.

دەزگای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت نزیکەی 3.5 ملیۆن هاوڵاتی ئەفغانی لە ئێرانن و نزیکەی یەک ملیۆنیان پەنابەرن.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، دەیان هەزار لەو هاوڵاتیانەی ئەفغانستان گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بەڵام زۆربەیان هەوڵ دەدەن بگەڕێنەوە بۆ ئێران، هاوکاتی هێورکردنەوەی ئەو ڕەوشەی بەهۆی کۆڤید 19ەوە سەپێندرابوو.

XS
SM
MD
LG