Accessibility links

هاوکاتی پرسەی قوربانیانی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا، خەڵکی لە شیلادزێ ناڕەزایی دەردەبڕن


پاش ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان چوار گەنجی سڤیل لە گەلی باڵندای کوژران و تەرمەکانیان گەڕایەوە ناحیەی شیلادزێ کۆمەڵگای قەدش هەر ڕۆژی هەینی بەخاک سپێردران. ئەمڕۆ شەممە پرسەی سیانیان لە شیلادێ دانراو هی ئەوی تریش لە کۆمەڵگەی قەدشی سەر بە ناحیەی سەرسنگ. لە دەمی پرسەکەدا خەڵكێکی زۆر کۆبونەوە و خۆپیشاندانیان لە سەنتەری ناحیەی شیلادزێ بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە ئەنجام دا. پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا سەڵام باڵایی لە دهۆک دەڵێت هێزێکی زۆر بە گازی فرمێسکڕژێن بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد.تورکیا دەڵێت هێرشەکانی بۆ سەر پارتی کرێکارانی کوردستانە کە شەڕی دژ بە تورکیا دەکەن. بەڵام برای یەکێک لە قوربانییەکان و بەشداربوویەکی پرسەکە بە دەنگی ئەمەریکایانڕاگەیاند پێویستە " پەکەکە و تورکیاش شەڕی خۆیان ببەنە نێو خاکی تورکیاو چی تر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان نەبنە قوربانی."

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە بەیاننامەیەکی فەرمیداڕایگەیاند " بە دڵگرانى و نیگەرانییەکى زۆرەوە چاودێرى رووداوەکانى ئەمڕۆ و چەند رۆژى رابردووى ناوچە سنوورییەکان دەکەین، کە بووه هۆی زیانى گیانی و ماددى بە ھاووڵاتییانی سڤیل و گوندنشینانى ناوچەكە."

لە بەیاننامەکەدا سەرزنشتی کوشتن و زیان گەیاندن بە هاووڵاتیان کراوە. و داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات ڕێز لە سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان بگریت و دەشڵێت پێویستە پەکەکە ئەو ناوچانە چۆڵ بکات تا نەنبە هۆکار بۆ دروستکردنی پشێوی لەناوچە سنوورییەکاندا.

جوتیار عادڵ گوتەبێژی هەرێمی کوردستان دەشڵێت " حکومەتى هەرێمى کوردستان خوازیارى پەیوەندیى دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و نایەوێت لەناو خاکى هەرێمى کوردستان هێرش بکرێتە سەر هیچ وڵاتێک."

حکومەتی تورکیاش بەرگری لە ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی دەکات بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان ودەڵێت، نە حکومەتی عێراق و نە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کاری خۆیان نەکردووە بۆ دەرکردنی پەکەکە کە گوایە خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا بەکار دەهێنت.

XS
SM
MD
LG