Accessibility links

لە پێکدادانی نێوان سەربازانی چین و هندستاندا دەیان سەربازی هندی گیانیان لەدەستدەدەن


بەهۆی پێکدادانی نێوان هێزی لەشکری هندستان و چین لە ناوچەی هیمالایای سنوری نێوان هەردوو وڵات 20 سەربازی هندستان کوژراون. ئەمەش یەکەم توندوتیژی کوشندەیە لەوەتای 45 ساڵی ڕابوردوو لەو ناوچە مشتومڕلەسەرەی نێوان هەردوو وڵاتی خاوەن چەکی ناوکی.

دەسەڵاتدارانی هندستان ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند سەربازانی هندستان و چینی بە مستەکۆڵەو بەرد بە گژیەکدا چوبوون و لە ئاکامدا 20 سەربازی هندستانی کوژران.

چین هندستان بە دەستپێکردنی هێرشەکە تاوانبار دەکات و هیچ ڕاگەیاندنێکی لە بارەی زیانی گیانی سەربازەکانییەوە ڕانەگەیاندووە.

لەشکری هندستان لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت مشتومڕەکان لەسەر دۆڵی گلوانی کێشەلەسەر لە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە دەستیپێکردووە.

سەرەتا لەشکری هند وتی سێ سەربازی هندی کوژراون بەڵام پاشان ڕایگەیاند 17 سەبازی تریش لە ئەنجامی برینەکانیان لە لاداخی ناوچەی هیمالایەن کە پلەی گەرمای لە ژێر سفرە گیانیان لەدەستداوە.

هەزاران سەربازی هەردوو وڵات زیاتر لە مانگێکە لەو ناچە دووردەستە سنورییە بە درێژایی 2100 میل بەرامبەر یەک وەستاون. ئەو سنورە پاش شەڕی نێوان چین و هندستان لە ساڵی 1962 بە پێی ڕێککەوتنێک دامەزرا.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ژاو لیشیان، لە کاتێکدا هیچ ئاماژەیەکی بە زیانە گیانییەکانی سەربازانی چین نەکرد تەنها گوتی، چین زۆر بە توندی دژی ڕووداوەکەیە لە کاتێکدا هێشتاش وابەستەیە بە " ئاشتی و ئارامی" ئەو ناوچە مشتومڕلەسەرە کە ناوچەیەکی لەشکریشە.

ژاو گویشی " ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، لە 15ی مانگی 6 سەرباززانی هندستان زۆر بە ڕوونی سەپێچی ڕێککەوتنەکانی هەردوولایان کردووە، ئەوان بە شێوەیەکی نایاسایی دوو جار سنوریان بەزاند و هێرشی هاندەرانەیان کردە سەر سەربازە چینییەکان، کە لە ئەنجامدا پێکدادان لە نیوان هەردوو هێزەکان ڕوویدا."

وەزیری کاروباری دەرەوەیی هندستانیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ڕووداوەکە لە ئەنجامی هەوڵێکی لایەنی چینی ڕوویدا کە بە شێوەیەکی یەکلایەنانە دەیانویست بارودۆی ئێستای دۆڵی گلوان بگۆڕن."

___

XS
SM
MD
LG