Accessibility links

تورکیا ڕۆژنامەوانێکی بەناوبانگ بە تۆمەتی ئاشکراکردنی نهێنی دەوڵەت دەستگیر دەکات


Müyesser Yıldız
Müyesser Yıldız

دادگایەکی تورکیا بڕیاری زیندانی کردنی ڕۆژنامەوانێکی بەناوبانگی ئۆپزسیۆنی دەرکردووە کە بۆ ماڵپەڕێکی هەواڵ کاردەکات و پارێزەرەکەی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند چاوەڕوان دەکرێت بە تۆمەتی ئاشکراکردنی نهێنی دەوڵەت لە دوو نوسینیدا لەسەر پەیوەندییەکانی لەشکری ئانکەرە لە لیبیا، دادگایی بکرێت.

موئەسەر یەلدز، سەرنوسەری ئۆداتیڤی کەناڵی تەلەفیزیۆنی کە لەسەر ئینتەرنێت پەخش دەکرێت، ڕۆژی دووشەممە دەستگیر کرا و ڕۆژی پێنجشەممە پاش پرسیارو وەڵام لەگەڵیدا بە فەرمی خرایە زیندانەوە.

یەکێکە لە بابەتەکانی لە مانگی 12 بڵاوی کردۆتەوە کە تیایدا باس لەوە دەکات ئەو سەرکردە لەشکرییانەی تورکیا کێن کە لەگەڵ خەلیفە حەفتاری، سەرکردەی لەشکری نیشتمانی لیبیا کۆبونەتەوە.

بابەتی دووهەمی لە مانگی یەکدا بڵاو کردۆتەوە، تیایدا وردەکاری لەسەر بەرپرسێکی لەشکری بڵاوکردۆتەوە کە ڕەوانەی لیبیا کراوە بۆ چاودێری کردنی کارەکانی تورکیا لەوێ.

ئیرهان تۆکاتلی پارێزەری یەڵدز بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، سەرەتا یەڵدز بە تۆمەتی سیخوڕی کردن دەستگیرکرا بەڵام پاشان تۆمەتەکە گۆڕا بە ئاشکرا کرنی نهێنی دەوڵەت.

ئەو گوتیشی " ئەگەر ئەو بابەتانە ئەوەندە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ئەم وڵاتە، دەبوایە ڕێگە نەدرایە بگاتە دەستی ئەوان."

ئۆداتیڤی کەناڵێکی هەواڵە کە بابەتەکانی لەسەر ئەنتەرنێت بڵاو دەکرێتەوە، زۆربەی جار تیایدا ڕەخنە لە حکومەتەکەی سەرۆک تەیب ئەردۆغان گیراوە.

تورکیا بە گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەوانان لە جیهاندا دادەنرێت.

ئیرۆل ئۆندێرئۆغڵو، نوێنەری تورکیا ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی بێسنور دەڵێت دۆسێی لەم جۆرە زیان دەگەیەنێت بە ناوبانگی تورکیا لە جیهاندا و دەشڵێت دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان هەوڵێکە بۆ کپکردنی ڕەخنەکان.

ڕەخنەگران دەڵێن ئەردۆغان بیانوی کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 ی بەکارهێناوە بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی و بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە دەسەڵات. ئانکەرە نکوڵی لەمە دەکات و دەڵێت هەمو ئەو هەنگاوانە پێویستن بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی.

XS
SM
MD
LG