Accessibility links

مەترسییەکانی دەستپێکردنی شەپۆلی دووهەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا


شارەزایان هۆشداری دەدەن شەپۆلی دووهەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمەریکا دەستپێدەکات و ژمارەی توشبووانیش لە دوو ملیۆن کەس تێپەڕ بوون.

ئێرک تونەر توێژەری باڵا لە نێوەندی ئاسایشی تەندروستی جۆنس هۆپکنس دەڵێت " شەپۆلێکی نوێی ڤایرۆسەکە لە چەند بەشێکی وڵاتەکە دەستپێدەکات، ئاستی بەرزبوونەوەی ڕێژەکە زۆر کەمە بەڵام ئەم شەپۆلە نوێیە دەستپێدەکات."

ڕۆژنامەی بلومبێرگ دەڵێت هەرچەندە ئەم شەپۆلە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی ویلایەتەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی ژیانی ئاسایی، ڕوون نییە کە ئەمە پەیوەندی هەبێت بە زیادبوونی جموجۆڵە ئابورییەکانەوە. شارەزایانی تەندروستیش دەڵێن هێشتا زۆر زووە بزانرێت ئایا خۆپیشاندانەکانی دژ بە توندوتیژییەکانی پۆلیس کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابوردوو دەستیان پێکردووە، کاریگەری بۆ سەر بەرزبوونەوەی ڕێژەکان دەبێت یان نا.

لە جۆرجیا، کە ئارایشتگاکان و نێوەندەکانی لەشجوانیش نزیکەی مانگونیوێکە کراونەتەوە لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەکە هەر وەکو خۆیەتی و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.

تەنانەت شێوازی بەرزبوونەوەی دۆسێکان لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی تر جیاوازە و ئاڵۆزی زیاتر دروست دەکات. لە ویلایەتی کالیفۆرنیا کە لە کۆتایی مانگی سێ وە قەدەغەکردنی هاتوچۆی تیادا ڕاگەیەندراوە، لە شاری سانفرانسیسکۆی ویلایەتەکە حاڵەتەکان کەمبوونەتەوە و بۆ سێ ڕۆژی لەسەر یەک لەم هەفتەیەدا هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە، بەڵام لۆس ئانجلس لە هەمان ویلایەت زیاتر لە نیوەی حالەتەکانی تەواوی کالیفۆرنیای تیایدا تۆمار کراوە. تیمی کۆشکی سپی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا لێکۆڵینەوە لەوە دەکەن ئایە کردنەوەی دووکان و بازاڕەکان حاڵەتەکانی کۆڤد19 زیاد دەکات یان نا.

بەڵام جێفری مۆرس بەرێوەبەری بەشی ئامارەزانستییەکانی بەشی پزیشکی زانکۆی پێنسلڤانیا بە بلومبێرگی گوتووە شارەزایان بەڵگەکانی شەپۆلی دووهەمی ئەم ڤایرۆسە لە ئەریزۆنا، تێکساس، فلۆریدا و کالیفۆرنیا بەدی دەکەن.

لەم هەفتەیەشدا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئەو ویلایەتانە داوایان لە نەخۆشخانەکان کرد بەرنامەکانیان بخەنەگەڕ بۆ حاڵەتە لەناکاوەکان.

شارەزایان مەترسی دەستپێکی وەرزی پایزیان هەیە کاتێک خوێندنگاکان دەکرێنەوەو منداڵان دەگەڕێنەوە قوتابخانە.

لەو کاتەوەی ئەم پەتایە لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە ئەمەریکا بڵاوبۆوە زیاتر لە 2 ملیۆن کەس توشی بوون و زیاد لە 112 هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەست داوە.

XS
SM
MD
LG