Accessibility links

سەرەڕای مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەنگدانی پێشوەخت بۆ گۆڕانکاری دەستور لە ڕوسیا دەستپێدەکات


سەرەڕای مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناو زیادبوونی حاڵەتەکان ڕۆژی چوارشەممە دەنگدانی پێشوەخت لە ناوچە دووردەستەکانی ڕوسیا دەستیپێکرد بەر لەو ڕیفراندۆمەی کە ڕەنگە ماوەی سەرۆکایەتی ڤلادمێر پوتن درێژ بکاتەوە.

دەنگدان لەسەر گۆڕانکاری دەستوری بڕیاربوو لە مانگی 4 ئەنجام بدرێت بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ 1 ی حەوت دوواخرا.

کاربەدەستانی هەڵبژاردن لە ناوچە دوورەکانی چوکۆتای کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕوسیا ڕایانگەیاند ئەوان کارمەندەکانیان بڵاوکردۆتەوە بۆ کۆکردنەوەی دەنگەکانی خاوەن ئاسکەکانی ناوچە دووردەستەکانی ڕوسیا.


ئیلینا گۆربانۆڤ بە ئاژانسی دەنگوباسی TASSی ڕاگەیاندووە " هاوکارەکانمان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی نیو بەفر نزیکەی 600 کیلۆمەتر دەبڕن بۆ گەیشتن بە نزیکەی 87 کەس کە لەو ناوچە چۆڵانە دەژین."

ئاژانسەکە دەشڵێت، کارمەندانی کێڵگە نەوتییەکان، کرێکاران، کەشناسان و ئەوانەی لە بورجی ڕووناکی کەنار دەریا کاردەکەن لە حەوت ناوچەی دەنگدانی دوورگەی ساخالین لە ئۆقیانوسی ئارامیش لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەستیان کردووە بە دەنگدانی پێشوەخت.

بەرپرسی هەڵبژاردنەکان لە یاکوتیا، ئالیکسی ئەفیمۆڤ، ڕایگەیاند کاربەدەستان لە ناوچەی سایبیریا بەلەمی ماتۆر و هەلیکۆپتەر بەکاردەهێنن بۆ کۆکردنەوەی دەنگی ماسیگرەکان، کەشناسان و ئەو دانیشتوانەی لە کانەکاندا کار دەکەن.

ئەو گوتیشی چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 8 هەزار کەس بەرلە ڕۆژی ڕیفراندۆمەکە دەنگی خۆیان بدەن.

ئەم دەنگدانە ڕێگە بۆ پوتن خۆش دەکات بتوانێت تا ساڵی 2036 لە دەسەڵات بمێنێتەوە و هەروەها ژمارەیەک گۆڕانکاری تر لە دەستوری وڵاتەکەدا دروست دەکات.

ئەم دەنگدانە مەبەستی سەرەکی کارنامەی پوتن بوو لەمساڵدا بەڵام بەهۆی مەترسییەکانی زیادبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا دوواخرا.

ڕوسیا مانۆڕی لەشکری گۆڕەپانی سوریشی بۆ 24 ی ئەم مانگە دوواخست لە کاتێکدا کاربەدەستان ڕێوشوێنەکانی قەدەغەکردنی هاتوچۆیان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەڵگرتووە.

مۆسکۆ کە نێوەندی پەتاکەیە لە ڕوسیا و زیاتر لە نیوەی حاڵەتەکانی وڵاتەکە لەو شارە تۆمار کراوە، ڕۆژی سێشەممە قەدەغەکردنەکانی هاتوچۆی هەڵگرت.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابوردۆوە کاربەدەستانی تەندروستی ڕۆژانە زیاتر لە 8 هەزار حاڵەتیان تۆمار کردووە لە کاتێکدا وڵاتەکە دەستی بە ژیانی ئاسایی کردۆتەوە.

هەتا ئامادەکردنی ئەمە هەواڵە بە پێی ئامارەکانی حکومەت، زیاتر لە 493 هەزار کەس لە ڕوسیا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و زیاد لە 6 هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەست داوە.

ڕەخنەگران گومانیان هەیە لە ئامارەکانی مردن بەهۆی ئەو ڤایرۆسە لە وڵاتەکەدا و دەسەڵاتداران بە شاردنەوەی ئامارەکان تاوانبار دەکەن.






XS
SM
MD
LG