Accessibility links

بەهۆی هێرشی ئاسمانی ڕوسیا لە سوریا هاووڵاتییەک دەکوژرێت


بەهۆی هێرشی ئاسمانی ڕوسیا ڕۆژی سێشەممە لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا هاووڵاتییەکی سڤیل گیانی لەدەستدا، ئەمەش یەکەم ڕووداوی لەمجۆرەیە لەوەتای ئاگربەستەکەی سێ مانگ لەمەوبەر جێبەجێ کرا.

ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا بەر لە بەرەبەیان نزیکەی 15 موشەکیان گرتە ناوچەو گوندەکانی پارێزگای ئیدلب. ڕامی عەبدوڵرەحمانی سەرۆکی ڕێکخراوەکە دەڵێتئەو هێرشانەش بوونە هۆی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەکی سڤیل لە گوندی بەلیون ئەمەش یەکەم کەس بوو لەوەتای ئاگربەستەکەی مانگی 3 وە لە هێرشی ئاسمانیدا بکوژرێت.

پارێزگای ئیدلب کە نزیکەی 3 ملیۆن کەس تیایدا دەژین دوواین قەڵای سەرەکی سەرهەڵداوانی سوریایە پاش 9 ساڵی شەڕی ناوخۆو وێرانکاری لە سوریادا.

هێرشەکانی حکومەت بە پشتیوانی ڕوسیا لە نێوان مانگی 12 بۆ مانگی 3، بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 1 ملیۆن کەس لە ناوچەکەدا. لە 6 ی مانگی 3 ئاگربەستێک ئەنجام درا و بە شێوەیەکی بەرچاو شەڕەکانی ڕاگرت، بەڵام سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەد بەڵێنی داوە تەواوی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکاتەوە.

ڕوسیا لە سەرەتای ئەم مانگە هێرشە ئاسمانییەکانی دەستپێکردەوە و ڕۆژی دووشەممە چەند ناوچەیەکی پارێزگای ئیدلب و پارێزگای حەمای دراوسێی بۆردومان کرد.

ئەو ڕێکخراوەی کە بنکەی لە بەریتانیایە دەڵێت هێرشە ئاسمانییەکان لە کاتێکدا بوون کە لە هێرشی زەمینیشدا 19 سەربازی حکومەت و 22 جیهادی کوژران.

شەڕی سوریا لە ساڵی 2011 وە دەستیپێکردووەو لەو کاتەوە زیاتر لە 380 هەزار کەس لەو شەڕەدا کوژراون و نزیکەی نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە ئاوارە بوون.


XS
SM
MD
LG