Accessibility links

جۆ بایدن دەنگی پێویست بۆ بوون بە کاندیدی سەرەکی دیموکراتەکان مسۆگەر دەکات


جێگری پێشوی سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن ڕۆژی هەینی دەنگی پێویستی نوێنەرانی بەدەستهێنا تا بە فەرمی بکرێت بە کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی و لە هەڵبژاردنەکانی مانگی 11 دا ڕووبەڕووی سەرۆک ترامپ ببێتەوە.

هەر کاندیدێک بەلایەنی کەم 1،991 دەنگی پێویستە بۆ مسۆگەرکردنی بەربژارێتییەکەی. بە ئەنجامەکانی شەوی هەینی بایدن ئەو سنورەی تێپەڕاند پاش ئەوەی لەم هەفتەیەدا لە 7 ویلایەت و واشنتنی پایتەخت هەڵبژاردنی بەرایی بەڕێوە چوو.

سەرکەوتنەکەی بایدن لە پێشترەوە دەرکەوت پاش ئەوەی بێرنی ساندەرسی بەرهەڵستی لە مانگی 4 دا کۆتایی بە هەڵمەتەکەی هێنا.

جۆ بایدن ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند " شانازییە شانبەشانی یەکێک لە بەتواناترین گروپەکانی کاندیداکانی پارتی دیموکرات ئەم پێشبڕکێیەمان کرد، و بە شانازییەوە دەڵێم ئێمە بە پارتێکی یەکگرتووەوە دەڕۆینە ئەم هەڵبژاردنەکانەوە."

لە سەرەتاوە زیاتر لە 20 کەس خۆیان بۆ بەربژێری پارتی دیموکرات بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاندید کردبوو، هێواش هێواش لەگەڵ کەمبوونەوەی دەرفەتەکانیان کاندیداکان لە پێشبڕکێکە کشانەوە.

بایدن دەستپێکێکی خاوی هەبوو بەڵام پاشان بەرەوپێش ڕۆشت پاش ئەوەی ژمارەیەک لە کاندیداکانی کە بە میانەڕەو مامناوەندی حزبەکە دەناسران بەر لە 3 ی مانگی 3 و ڕۆژی سێشەممەی مەزن ئەو ڕۆژەی لە چەندین ویلایەتدا هەڵبژاردن بەرایی کرا، کشانەوە و ئەمەش وای کرد دەنگەکانی بایدن زیادبکات لە ویلایەتە سەرەکیەکاندا.

پاش ئەوەش بوو بە پێشبڕکێکی نێوان دوو کەس بێرنی ساندەرس و جۆ بایدن. لە کۆتایشدا بێرنی ساندەرس کۆتایی بە هەڵمەتەکەی هێنا.

وەکو سیناتۆرێکی ئەمەریکا و جێگری سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا باراک ئۆباما، بایدن بەڵێنی داوە ژنێک جۆ جێگری خۆی دەستنیشان بکات و ڕەنگە ئەو ژنەش ڕەشپێست بێت.

XS
SM
MD
LG