Accessibility links

پەنتاگۆن پۆلیسی لەشکری دەخاتە ئامادەباشییەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەوشی میناپلس


هاوکاتی بڵاوبوونەوەی نائارامییەکان لە دەیان شاری ئەمەریکا، پەنتاگۆن لە هەنگاوێکی دەگمەندا فەرمانی داوە بە لەشکر چەند یەکەیەکی پۆلیسی لەشکری ئەمەریکا ئامادە بکات تا ڕەوانەی میناپلس بکرێن ئەو شوێنەی جۆرج فلۆیدی ڕەشپست بە دەستی پۆلیسێکی سپی پێست کوژراو بووە هۆی خۆپیشاندانی گەورەی نارەزایی.

بە پێی زانیارییەکانی سێ کەسی کە زانیاری ڕاستەوخۆیان لەسەر بابەتەکە هەیە، سەربازانی بنکەی لەشکری فۆرت براگ لە کارۆلاینای باکور و فۆرت درەم لە نیویۆرک فەرمانیان پێ دراوە ئامادەبن هەرکاتێک داوایان لێ کرا لەماوەی 4 کاتژمێردا بگەنە ئەوێ. ئەو کەسانەی کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت گوتوشیانە، سەربازان لە بنکەی فۆرت کارسن لە کۆلۆرادۆو فۆرت ڕایلی لە کەنساسیش پێیان وتراوە لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئامدەبن.

ئەو فەرمانی ئامادەباشییانە ڕۆژی هەینی بە شێوەیەکی زارەکی دراوە ، پاش ئەوەی سەرۆک دانۆڵد ترامپ پرسیاری بژاردەی لەشکری بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشەکەی لە وەزیری بەرگری مارک ئەسپەر کرد .

یەکێک لە سەرچاوەکان گوتویەتی یەکەکانی لەشکری لە ژێر ڕێنوماییەکانی بڕیاری 1807 بڵاو دەکرێنەوە کە لە ساڵی 1992 لە میانەی ئاژاوەکانی لۆس ئەنجەلس بەکارهات. ئەو سەرچاوانەی کە دووانیان کاربەدەستی وەزارەتی بەرگرین دەڵێن ئەگەر داوابکرێت ڕەنگە نزیکیە 800 سەربازی ئەمەریکا لە شارەکە بڵاو بکرێنەوە.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیە خۆپیشاندان لە شاری میناپلسی میناسۆتا دەستیپێکرد پاش بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تیایدا دەرکەوتووە پیاوێکی ڕەشپێستی بێچەک لەلایەن پۆلیسەوە قۆڵبەست کراوە لە کاتێکا دەستی بەستراوەو لەسەر دەمیش دراوە بەرعەرزا ئەفسەرە پۆلیسەکە ئەژنۆی خستۆتە سەر ملی، پیاوەکە چەند جارێک دەڵێت " تکایە ناتوانم هەناسە بدەم" بەڵام پۆلیسەکە لاناچێت هەتا پیاوکە گیانی دەردەچێت.

ڕۆژی پێنجشەممە خۆپیشاندانەکە توندوتیژی تێکەوت و بووە ئاژاوە کاتێک خۆپیشاندەران دەستیان کرد بە سوتانی بنکەی پۆلیس نزیک شوێنی ڕوداوەکە. هەروەها ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە دەیان شاری ئەمەریکا خۆپیشاندان ساز کراو هەندێک لە خۆپیشاندانەکانی توندوتیژ بوون لە ناویاندا ئەوەی شاری ئەتلانتای جۆرجیا.

XS
SM
MD
LG