Accessibility links

کۆلۆنێل کاگنس: داعش لەژێر فشارێکی زۆردایە و ژمارەیەک لە ڕێبەرەکانی کوژراون یان دەستگیر کراون


گوتەبێژی فەرمی هاوپەیمانی جیهانیی بەڕێبەرایەتی ئەمەریکا بۆ شکستپێدانی داعش دەڵێت بەهۆی فشارێکی زۆری هێزەکانی سوریای دیموکرات، هێزەکانی ئاسایشی عێراق، پێشمەرگە و کۆماندۆکانی هەردووبەری سنور ڕێبەرانی داعش هەست بەفشارێکی زۆر دەکەن.

کۆڵۆنێل مایلس کاگنسلە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا گوتی " لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابوردوودا هێزەکانی سوریای دیموکرات، هێزەکانی دژە تیرۆربە هاوکاری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هاوپەیمانان چەندین ڕێبەری داعشیان کوشتووە یان دەستگیر کردووە. هێزەکانی هاوپەیمانان زانیارییەکانیان لەگەڵدا دابەش دەکەن و پشتیوانی ئاسمانیان دەکەن و ناوبەناویش لەگەڵ کۆماندۆکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەشداری هەڵمەتەکان دەکەن. لە میانەی ئەو هەڵمەتانەدا ڕێبەری داعش والی باکوری بەغدا خۆی تەقاندەوە، ڕێبەرێکی لۆجیکی باڵای داعش کە بەرپرسی بەدەستهێنانی و قاچاخچێتی چەک بوو لەگەڵ چەند کەسیکی تر کوژرا."

ئەو گوتیشی خەڵکی لە عێراق و سوریا داعش ڕەت دەکەنەوەو هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە داعش بە تەواوەتی شکست دەهێنێت.

سەبارەت بە ئاستەنگەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان و هاوبەشەکانیان لە شەڕی داعشدا ڕووبوڕووی دەبنەوە کۆلۆنێڵ کاگنس دەڵێت هەرچەندە هاوپەیمانان و هاوبەشە خۆجێهییەکانمان چەندین پێشوەچوونیان لە شکستپێدانی داعشدا ئەنجام داوە و توانیویانە ڕێگربن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەو بهێزبوونەوەی داعش، بەڵام دەشڵێت " هاوپەیمانی جیهانی تەنها ئۆپەراسیۆنی لەشکری نییە لە عێراق و سوریا، 77 وڵات و 5 ڕێکخراوی جیهانی هاوکاری دەکەن لەسەر ئەوەی وابکەن داعش نەتوانێت لە ڕووی داراییەوە چالاکییە تیرۆستییەکانی بەردەوام بکات. هێزەکانی چەسپاندنی یاساو ئاژانسەکانی زانیاری لە سەرانسەری جیهان هەماهەنگی دەکەن و زانیاری دابەش دەکەن بۆ بنبڕکردنی تۆڕی دارایی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە."

سەبارەت بە چارەنوسی چەکدارە بیانییەکانی داعش کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە گیراون کۆلۆنێڵ مایلس کاگنسلە میانەی ئەو وتووێژەدا کە سیروان قچۆ لەگەڵیدا سازیداوە گوتی "زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعش لە زیاتر لە 20 گرتوخانەی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵات و باکوری سوریا. ژمارەیەک لەم نێوەندانە لە ڕاستیدا کاتین ئەمانە خوێندنگان یان باڵەخانی کۆنی حکومین کە کراون بە گرتوخانە. هێزەکانی سوریای دیموکراتکارێکی مەزن دەکەن و خزمەگوزارییەکی زۆر گەورە لە بری جیهان ئەنجام دەدەن بۆ دانانی ئەوەی کە پێی دەڵێن خەلافەت لە زینداندا. نزیکەی دوو هەزار کەس لەو زیندانیانە تیرۆستی بیانی زیاتر لە 50 وڵاتانی جیهانن. و هێزی هاوپەیمانان لەو بڕوایەدان بە ڕێگای یاسایەکی گونجاوی نێونەتەوەیی پێوستە چارەسەرییەکی کۆتایی بۆ چارەنوسی ئەمانە بدۆزرێتەوە. لە هەمانکاتیشدا ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانی کردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ دابینکردنی خەرجی پاسەوانی زیاتر بۆ ئەو دامودەزگایانە و کەرەستەی پێویست بۆ ئاسایش."

سەبارەت بە هاوکارییەکان لەمەڕ کۆنترۆڵکردنی پەتای کۆرۆنا کە تەواوی جیهانی گرتۆتەوە کۆلۆنێڵ کاگنس گوتی " وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لای خۆیەوە زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری هاوکاری تەرخان کردووە بۆ باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ژمارەیکی زۆر زیاتر بۆ عێراق. لە ڕاستیدا وڵاتە یەکگرتووکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێونەتەوەیی بە تایبەتی ئەمەریکا گەورەترین بەخێشێنەر بووە بۆ قەیرانی سوریا. لەو کاتەوەی شەڕی ناوخۆی سوریا دەستیپێرکدووە ئەمەریکا زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری بەخشیوە. لەوەش زۆر زیاتری بەشیوە بە عێراق و نەک تەنها ئەمەیکا بەڵکو چەندین وڵاتی تر وەکو بەلجیکا، و هۆڵەندا و بەریتانیاش ملیۆنان دۆلاریان بۆ هاوکاری کۆڤد 19 تەرخان کردووە."

لەسەر کارەکانیان لەگەڵ هێزەکانی ڕوسیا لە ناوچەکە ئەو گوتبێژەی هێزی هاوپەیمانان بۆ شکستپێدانی داعش چەند ڕوونکردنەوەیەکی دا ئەو گوتی " هێچ ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی ڕوسیا نەکراوە. ئێمە لە ئەرکەکانمان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەماهەنگی پێکەوە ناکەین، ئەوەی خەڵکی لە گرتە ڤیدیۆکاندا بینیویانە تەنها هێورکردنەوەی ناکۆکییەکان بووە."

ئەو گوتیشی " بێگومان ئێمە داوا لە ڕوسیا دەکەین هیچ کارێک نەکات کە گرژی و ئاڵۆزی لێ بکەوێتەوەو دەستبخاتە نێو ئەرکەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ شکستپێدانی داعش."

بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو کۆبونەوەی ئاستی وەزیرانی هاوپەیمانی جیهانی ئەنجام بدرێت سەبارەت بە کۆبونەوەکە کاگنس گوتی " زیاتر لە 30 وڵات بەشداری دەکەن لەو کۆبونەوەیەکی کە بەڕێگای ئەنتەرنێت ئەنجام دەدرێت و بڕوا دەکرێت ئەوان بەڵێنەکانیان بۆ شەڕی دژ بە داعش دووپات بکەنەوە."



XS
SM
MD
LG