سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند تورکیا کۆتوبەندەکانی کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە دایناوە لە یەکی مانگی شەشەوە کەم دەکاتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ئەردۆغان لە ئەستەنبوڵ گوتی قەدەغەکردنی گەشتی ڕاستەوخۆ هەڵدەگیرێت و ڕێستورانتەکان، قاوەخانەکان، مۆزەخانەکان، یانەکان و گۆمەکانی مەلەکردن دەکرێنەوە.
ئەو گوتیشی کارمەندانی خزمەتگوزاری گشتی، بێجگە لەوانەی کە نەخۆشی درێژخایانیان هەیە، دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لە کاتێکدا باخچەکانی ساوایانیش ڕێگەیان پێدەدرێت بکرێنەوە.
لەو وتارە تەلەفیزیۆنییەی کە پاش کۆبونەوەیەکی کابینەکەی بوو، ئەردۆغان گوتیشی سەرەڕای لابردنی بەشێک لە کۆتوبەندەکان بەڵام مانەوە لە ماڵەوە بۆ کەسانی تەمەن 65 ساڵان بەسەرەوە و منداڵان بۆ ماوەیەکی درێژخایان بەردەوامە.
ئەمڕۆ هەینیش بەشێک لە مزگەوتەکان کرانەوە.
لە وتارەکەیدا ئەردۆغان داواشی لە خەڵکی کرد ئاگاداری خۆیان بن، ماسک بپۆشن ڕێوشوێنەکانی دوورکەوتنەوە لەیەکتر بەجێ بگەیەنن.
ژمارەی ئەو کەسانەی لە تورکیا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون لە 160 هەزار تێپەڕێوە، وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابوردوودا 1،182 حاڵەتی نوێ تۆمار کراوە. وەزارەتەکە دەشڵێت لەو ماوەی 24 کاتژمێرەدا 30 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و بەمەش کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە مردوون دەگاتە 4 هەزارو 461 کەس.