Accessibility links

ئەمەریکا 3 ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات بۆ دەستگیرکردنی ڕێبەرێکی باڵای داعش


وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجەممە ڕایگەیاند هەتا 3 ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات بۆ دەستگیرکردنی ڕێبەرێکی باڵای داعش سەرپرشتی بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆ توندوتیژەکانی داعشی دەکرد.

وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند ئەو بڕە پارەیە دەکاتە خەڵات بۆ هەر کەسێک کە زانیاری زیاتر لەسەر محەمەد خدر موسا ڕەمەزانی لە دایک بووی ئوردن و شوێنەکەی ئاشکرا بکات. ئەو بە ئەبو بەکر ئەلغەریبیش ناسراوە.

لە بەیاننامەکەدا نوسراوە " ئەو چاودێری بەرنامەکان، هەماهەنگییەکان، دەرهێنانی ژمارەیەک ڤیدیۆی پروپاگەندەکردن، بڵاوکراوەکان و پلاتفۆرمی ئینتەرنێتی کردووە، لە ناویاندا دیمەنە دڕندانەکانی ئەشکەنجەو کوشتنی بەکۆمەڵی کەسانی بێتاوانی سڤیلی."

هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا لە مانگی 10 ڕێبەری گروپەکە ئەبو بەکر بەغدادییان لە ناو سوریا کوشت.

ئەو گروپە توندڕەوە سەدان کەسی سەربڕیوەو بە کۆیلە گرتووە و گرتەڤیدۆکانی بەرکار دەهێنا بۆ ڕاکێشانی چەکداری تر لەسەرانسەری جیهانەوە بۆ ناو گروپەکەی.

هەڵمەتێکی لەشکری بە پشتیوانی ڕۆژئاوا توانی ئەو خەلافەتە هڵوەشێنێتەوە کە داعش لە بەشێکی سوریا و عێراق ڕایگەیاندبوو بەڵام هێشتا توندوتیژییەکانی ئەو گروپە بەردەوامەو لە ئەفغانستان و وڵاتانی بیابانی ئافریکا زیادی کردووە.

XS
SM
MD
LG