Accessibility links

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەکارهێنانی هێدرۆکسی کلۆرۆکین بۆ تووشبووانی کۆرۆنا ڕادەگرێت


ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO بەکارهێنانی دەرمانی هێدرۆکسی کلۆرۆکین بۆ چارەسەرکردنی کۆڤید 19 بۆ ماوەیەکی کاتی ڕادەگرێت.

بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوەکە دەڵێت ئەم بڕیاری ڕاگرتنە کاتییە پاش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی زانستی تەندروستی دێت کە تیایدا باس لەوە کراوە پەنابردنە بەر کلۆرۆکین و ئەو دەرمانانەی لە کلۆرۆکین دروست دەکرێن وەک هێدرۆکسی کلۆرۆکین، کاریگەریان نیـیە و لەوانەشە زیانیان هەبێت.

پێشتریش ژمارەیەک لێکۆڵینەوەی زانستی نیشانیان دا ئەو دەرمانانە مەترسی دروست دەکەن بۆ ئەوانەی کێشە لە لێدانی دڵیاندا هەیە و دەشڵێن دەشێت کاریگەری لابەلا لەسەر نەخۆشەکانیش دروست بکات، وەک بورانەوە و لە هەندێک باریشدا ببێتە مایەی جەڵتەی دڵ.

دەیان ساڵە هێدرۆکسی کلۆرۆکین بۆ چارەسەرکردنی مەلاریا بەکاردەهێنرێت و هەروەهاش بۆ تێکچوونی سیستەمی بەرگری لەش و بۆ هەندێک جۆری هەوکردنی جومگەکانیش بەکاردەهێنرێت.

هەردوو دەرمانەکە لە نێوەندی بڵاوبوونەوەی کۆڤید 19دا بایەخێکی زۆری پێدرا و تاقیکردنەوەکان ئەوەیان نیشاندا کە دەتوانن ڕێگە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بگرن لەوەی بچێتە ناو خانەکانی لەشەوە و هەروەهاش ڕێگە لە زۆربوونیشی دەگرێت، بەڵام زۆر جاریش لێکۆڵەرەوەکان شکست دەهێنن لەوەی ئەو شتەی لە تاقیگەکاندا دەیبینن جارێکی تر لە گیانلەبەردا بە مرۆڤیشەوە بیبیننەوە.

XS
SM
MD
LG